دكتۆر نەجمەدین كەریم راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە
پێش كەمێك دكتۆر نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركووك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و گوتی "بۆ یەكەم جارە لە مێژووی میللەتی كورد خەڵكی ئیمە بتوانێ بچێتە سەر سندوقی دەنگدان و بە ئارەزووی خۆی دەنگ لەسەر چارەنووسەكەی بدات، كە نەوەی نەوەكانیشی دەگرێتەوە".
كەریم گوتی "سبەی قسە دەوەستێ، دەكەوینە سەر كار. داوا لە خەڵكی كەركووك دەكەم، بە عەرەب و كورد و كلدوئاشووری و شیعە و سونە بەبێ جیاوازی بچنە سەر سندوقی دەنگدان و بە ئازادانە دەنگ بدەن، هیواداریشم دەنگەكانتان بەڵێ بێت بۆ سەربەخۆیی كوردستان".
هەروەها گوتی "قسە كراوە گوایە لە كەركووك ترس هەیە و خەڵك شار بەجێ دێڵن، بەڵام بە پێچەوانەوە، هیچ ترسێك نیە، لەناو شار ئاسایش بەهێزتر كراوە و لە هەموو شوێنێك هەن، هەروەها سوپای عێراق و پێشمەرگە تا ئێستەش هاوكاری یەكتری دەكەن لە شەڕی دژی داعش".
پارێزگاری كەركووك دووپاتیشی كردەوە كە كەس ناتوانێ غەدر لە خەڵكی سیڤیل و بێ تاوانی كەركووك بكات. گوتیشی "ئێمە بە هیچ شێوەیەك قبووڵ ناكەین هیچ هاووڵاتییەك لە كەركووك خەڵكی تری وەك عەرەب و توركمان و ئاوارەكان ئیستیفزاز بكات".
هەروەها گوتی داوا لە هەموو پێكهاتەكان دەكەم بچن بۆ دەنگدان و ئازادانە بەشداری بكەن.
ئاماژەشی بەوەدا كە سبەی لە سەعات پێنجی بەیانیەوە هاتنە ژوورەوەی ئۆتۆمبێل و تانكەر بۆ نێو شاری كەركووك رادەگیرێ تا سەعات هەشتی ئێوارە.
پەیامێكیشی بۆ توركمانەكانی كەركووك نارد و پێی گوتن "ئێمە لە دوای ئەو ریفراندۆمە دەتوانین لەگەڵ هەموو لایەنەكان دانیشین و باسی هەر بابەتێك بكەین كە بیانەوێ، ئێمە هەرچی بكەین لە كەركووك، بەڕێكەوتنی هەموو لایەك دەبێت".
bas news-
