مەحموود عوسمان: زۆرینەی ناوچە کوردستانییەکان بە ڕیفڕاندۆم کێشەیان چارە دەکرێت
(د. مەحموود عوسمان)، سیاسەتمەداری کورد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم لە ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق دەبێتە کارتێکی بەھێز بۆ دوای قۆناغی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی بەرامبەر بە بەغدا، چونکە زۆرینەی خەڵکی ئەو ناوچانە سبەی لە پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمدا بڕیاری خۆیان دەدەن و بێگومان زۆربەیان لەگەل ئەوەنین بەغدا دەسەڵاتی بەسەر ئەو ناوچانەدا ھەبێت و خوازیارن بگەڕێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان و چارەنووسیان لەگەڵ گەلی کوردستان بێت، لەبەر ئەوە دوای ڕیفڕاندۆم قۆناغێکی زۆر گرنگ لەگەڵ عێراق دەست پێ دەکات و وەک سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لەسەر پرسی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دەکەوینە دانوستان.''
(د. مەحموود عوسمان) دەشڵێت: ''ئێستا لە ھەموو کاتێک زیاتر پێویستە حزبە کوردستانییەکان یەکدەنگ و یەکگرتوو بن، بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بە شێوەیەکی تەندروست بەڕێوە بچێت. ناشبێت ھیچ ناوچەیەکی کوردستان بێبەش بکرێت لە پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی، چونکە ئەگەر کەرکووک لەگەڵ ڕیفڕاندۆم نەبێت، ئەوە پێویست ناکات بۆ ھەولێر و دھۆک و سلێمانی ڕیفڕاندۆم بکرێت، ئەوانە لەژێر دەسەڵاتی خۆماندان، ئەوەی گرنگە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانن.''
kdp-
