دەلۆ: کەرکووک پێشەنگی کاروانی سەربەخۆییی کوردستانە
ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک و پارێزگاری ئەو شارە لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەیان بەوە کرد، کە ئەوان لەگەڵ پرۆسەی ڕیفراندۆمن لە شارەکە و لەو بارەشەوە ئامادەکاری کراوە، ئەمڕۆش کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی ئاماژە بەوە دەکات، کە هەموو ئامادەکارییەک بۆ پرۆسەکە لە کەرکووک تەواو بووە، سندووقەکان گەیشتوون و لەگەڵ سپێدەی بەیانیی ٢٥\٩دا خەڵکی ئەو شارە دەنگ دەدەن. (سەڵاح دەلۆ)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، یەکشەممە، 24/9/2019، کۆبوونەوەیەکی ھاوبەش بوو لە نێوان یەکێتی و پارتی و یەکگرتوودا. ئامانجی کۆبوونەوەکەش لەسەر بابەتی ڕیفراندۆم لە شاری کەرکووک بوو، گوایە برادەرانی یەکێتی و بەتایبەت مەڵبەندی (2)ی یەکێتی لە کەرکووک لەگەڵ دواخستنی پرۆسەی ڕیفراندۆم بوون لە شارەکە، بەڵام دواتر ئەوە چارە کرا و بە وردی قسەی لەبارەوە کرا و ڕێکار و ئامادەکاری لەو بارەوە دانراوە.''
بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی، ئەوەیشی خستە ڕوو: ''بە دەنگی زۆرینەی لایەنەکان، دواخستنی ڕیفراندۆم لە شاری کەرکووک ڕەت کرایەوە، بڕیارەکەش ھی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستانە، بڕیار دراوە کەرکووک لە شارەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان دانەبڕێت و سبەی لەگەڵ سەرجەم شارەکانی دیکەدا ڕیفراندۆمی تێدا ئەنجام دەدرێت.''
(سەلاح دەلۆ) گوتیشی: ''دواخستنی ڕیفراندۆم لە شاری کەرکووکدا زیانێکی گەورە بە بابەتی کوردستانیبوونی کەرکووک دەگەیەنێت، دواخستنی ڕیفراندۆم بێمانایە و خەڵکی کەرکووکیش ئەوەیان قبووڵ نییە، ئێستاش خەڵک و سیاسییەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان بەدەم کەرکووکەوە هاتوون و لە خەمی ئەو شارەدان.''
kdp-
