شیرین فوئاد مەعسووم بۆ گەلی عێراق: هاوکاری کوردستان بکەن تا ببینە دوو دراوسێی باش
لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا، شیرین فوئاد مەعسووم، کچی سەرۆک کۆماری عێراق، داوای لە پێکهاتەکانی (عەرەب، تورکمان، ئاشووری، کلدانی، سریانی و تەواوی پێکهاتەکانی دیکە) کرد، لەم چرکەساتە مێژووییەدا لەگەڵ کورد بوەستن و ”پشتیوانیمان بکەن لە ڕاستکردنەوەی ئەوەی کە بەهۆی بەریتانیا و فەڕەنسا و داگیرکاران ڕووی داوە“.
ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە گەلی کورد ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی و کۆچپێکردن و کیمیاباران بووەتەوە و قوربانیی زۆری لە پێناو ئازادی و درووستکردنی ئەمڕۆ داوە، دەشڵێت: ”قوربانیی زۆرمان لەپێناو ئەمڕۆ داوە کە بریتییە لە سبەی، ڕۆژی ڕیفراندۆم. سەرجەم پێکهاتەکانی عێراقیش دووچاری زوڵم و زۆرداری بوونەتەوە لەسەر دەستی ڕژێمە یەک بەدوای یەکەکانی عێراق“.
داواشی لە عێراقییەکان کردووە کە ئەوەیان لەبیر نەچێت، لە شەڕکردن دژ بە زوڵم و داپڵۆسین لە یەک بەرەدا بوون و تکای کرد: ”هاوکاریی گەلی کوردستان بکەن لە وەدیهێنانی ئامانجەکەی بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی، تاوەکوو ببینە دوو دراوسێی باش“.
ئاماژەشی بەوە داوە: ”لەجیاتی ئەوەی هەموومان بە لەژێر سێبەری یەک ئاڵادا بەزۆر بەیەکەوە بژین کە دەیان کێشەی لێ دەکەوێتەوە. هەروەها داوا دەکەم گوێ بە هەندێک لە سیاسەتوانەکان نەدەن لەوانەی کە دەهۆڵی شەڕ لێدەدەن. هەر ئەوانەن کە عێراقیان کردووەتە زەلکاوێک لە گەندەڵی و ئەو سیاسییانە پێیانوایە کە گەلی عێراق ڕقیان لە ئازادییە و زوڵمیان خۆش دەوێ، بۆیە لێدوانەکانیان توندتر دەکەن. پێیانوایە بەو لێدوانە ئاگرینانە شەقامی عێراق بەدەست دەهێنن“.
باسنیوز
