سەرکردەیەکی یەکێتی: لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم پەشیمان نەبووینەتەوە

 سەرکردەیەکی یەکێتی: لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم پەشیمان نەبووینەتەوە
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕای گەیاند: "پڕۆسەی ڕیفراندۆم بە دەنگی (بەڵێ) سەرکەووتو دەبێت. گوتیشی:" یەکێتی لە ھەڵوێستی خۆی پەشیمان نەبووەتەوە و بەردەوام پشتگیری لە ڕیفراندۆم دەکات".

سامان گەرمیانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەمبارەوە، ڕایگەیاند: "گەلی کورد لەگەڵ ئازادی و درووستوونی کیانێکی سەربەخۆ دایە، بۆ ئەوەی بگات بە ئاوات و ئامانجەکانی خۆی، ھەتا ئێمەش وەک وڵاتانی دیکە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ بین".

ئەو سەرکردەیەی یەکێتی گوتیشی: "ھەرچەندە خەڵکی تەماشای کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەکات، تاڕادەیەک خەڵک نیگەرانە لەوەی تا ئێستا ھیچ وڵاتێک بە فەرمی پشتگیری لە ڕیفراندۆم نەکردووە و لۆبی بۆ ئامادە نەکردووە، ھەرچەند گەلی کورد لەم بارودۆخەی ئێستا ناڕازییە، بەڵام خەونی میللەتی کورد ئەوەیە لە سێبەری دەوڵەتی کوردستاندا خۆی ببینێتەوە".

بە گوتەی ئەو سەرکردەیەی یەکێتی، حزبەکەی لە هەڵوێستی خۆی ”پەشیمان نەبووەتەوە و بەردەوام پشتگیری لە پرۆسەی ڕیفراندۆم دەکات“. گوتیشی: ”پرۆسەی ڕیفراندۆم بە دەنگی (بەڵێ)ی خەڵکی کوردستان سەرکەوتن بەدەست دەھێنێت".

ئەو قسانەی سامان گەرمیانی لەکاتێکدایە کە ژمارەیەک لە سەرکردەکانی یەکێتی لە هەوڵی ئەوەدا بوون، ڕێگە لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە کەرکووک بگرن و به پیلانی کودەتایەکی چەند سەرکردەیەکی یەکێتی لەو شارە لەلایەن کۆسرەت ڕەسوول عەلی و شێخ جەعفەرەوە ڕێگەی لێگیرا.










باسنیوز
Top