کەمال کەرکووکی: دوای ریفراندۆم دەست بە پرۆسەی ڕزگارکردنی حەویجە دەکرێت
کەمال کەرکووکی، بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک و بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ، ڕایگەیاند: "بە فەرمانی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بڕیار درا، ھەماھەنگی تەواو لە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق و ھاوپەیمانان بۆ ڕزگار کردنی حەویجە بکرێت".
بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک، ئاشکراشی کرد: "لەسەر بابەتی ڕزگارکردنی حەویجە شاندێکی کۆبوونەوەیەک لە نێوان وەزارەتی بەرگری عێراق، ھاوپەیمانان، وەزارەتی پێشمەرگە، بەرپرسانی میحوەرەکانی ڕۆژئاوای کەرکووک، باشووری کەرکووک، میحوەری (3)، بەرپرسانی یەکەی (70) و (80)ی پێشمەرگە ئەنجام دراو، ھەروەھا ھەموو لایەک ھاوڕابوون و ڕێککەوتن، لەسەر ئەوەی کە لە دوای 25/9/2017وە دەست بە پرۆسەی ڕزگارکردنی حەویجە بکرێت".
بەرپرسەکەی پارتی، ئەوەشی روون کردووەتەوە کە ئێستا ئامادەکاری لە گشت نەخۆشخانەکانی ھەرێمی کوردستان کراوە، بۆ وەرگرتنی بریندارەکانی شەڕ و چارەسەرکردنیان، ھەروەھا وەرگرتنی ئاوارەکان و گەیاندنیان بە کەمپەکان و پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری بۆیان.
کەمال کەرکووکی، گوتیشی: "ڕێککەوتن لەسەر ئەوەش کراوە کە ساترەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بە مەودایەکی گونجاو لەیەکتر دوور بن، بە شێوەیەک کە بەباشی پشتیوانی یەکتر بن و مەجالی دروستکردنی ڕووداوی نەخوازراوی نەبێت".
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2014وەقەزای حەویحە و چەندین ناوچەی دیکەی عێراق لەلایەن چەکدارانی داعشەوە داگیر کران.
باسنیوز
