فراکسیۆنی بزووتنەوە: دروشمێکی تاڵەبانی بەبیر بەرپرسانی یەکێتی لە کەرکووک دەهێنێتەوە
شوان قەڵادزەیی، سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان لە پۆستێکدا لە هەژمری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) رایگەیاندووە، ئەنجامنەدانی ریفراندۆمی سەربەخۆبوونی کوردستان بەبێ کەرکوک و ناوچەکانی تر، ”ھیچ مانایەکی نییە“.
شوان قەڵادزەیی بەبیر ئەو بەرپرسانەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەهێنێتەوە، کە داوا دەکەن ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە کەرکووک ئەنجام نەدرێت، کە جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتی بەردەوام دژایەتیی دابڕانی کەرکووکی لە کوردستان دەکرد و دروشمی ”یا کەرکووک و خانەقین، یا تاماوین ئەجەنگین“ی دەگوتەوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی بە پێویستی دەزانێ ئەو بەرپرسانەی خۆیان بە ”دەرچووی قوتابخانەی مام جەلال“دەزانن، هەوڵ نەدەن لەژێر ”هیچ پاساوێکدا“ دژایەتیی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە کەرکووک، بکەن.
شوان قەڵادزەیی پێی وایە ئەرکی ”ئەو سەرکردانە و سەرجەم دڵسۆزانی کوردستانە“ لەو ماوەیەی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم ماوە، ”ئارامیی کەرکووک بپارێزن و کەرکووکییەکان لە دڵەڕاوکێ دوور بخەنەوە“.
قەڵادزەیی هۆشداریی دەداتە ئەو بەرپرسانەی یەکێتی و رایدەگەیەنێت، کە لە ئەگەری پاشەکشە لە ریفراندۆم لەژێر هەر بیانوویەکدا ”مێژوو ڕوحمتان پێ ناکات“.
بەپێی زانیارییەکان، رۆژی شەممە 23/9/2017 قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی بە یاوەریی مەلا بەختیار، پاڤڵ تاڵەبانی، عیماد ئەحمەد، قادر عەزیز و ئاسۆ ئەڵمانی چوونەتە کەرکووک و هەوڵی رێگرتنیان لە ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لەو شارە، داوە.
باسنیوز
