ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی: ڕیفراندۆم دەکەین و ملكەچی گوشاری هیچ لایەن و وڵاتێكی دەوروبەر نابین

 ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی: ڕیفراندۆم دەکەین و ملكەچی گوشاری هیچ لایەن و وڵاتێكی دەوروبەر نابین
ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای دەگەیەنێت ڕیفراندۆم دەكەین و ملكەچی گوشاری هیچ لایەن و وڵاتێكی دەوروبەر نابین.



عەلی عەونی، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی ڕاگەیاند: نابێت هیچ لایەنێكی سیاسیی هەرێمی كوردستان بكەوێتە، ژێر گوشاری وڵاتانی دەوروبەر، چونكە ئێمە ساڵێك زیاترە گفتوگۆ لە نێوانماندا هەیە و لە مانگی 6ی 2017وە 16 حزبی كوردستانی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییمان داوە، لەناو ئەوانەشدا یەكێتی نیشتمانی یەكێك بووە لە كارەكتەرە سەرەكییەكان، كە هەوڵی تەواوی بۆ سەرخستنی پرۆسەكە داوە، بۆیە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە كەركووك شتێك نییە، بەتەنیا لاهوور یان كەسێكی دیكەی ناو یەكێتی بێتە سەر تیڤی و بڵێت ڕێگە نادەین ڕیفراندۆم لە كەركووك بكرێت، چونكە مەترسی هەیە، چونكە ئەگەر نەكرێت مەترسی بۆ كەركووك دەبێت".



ئەو ئەندام سەرکردایەتییەی پارتی باس لەوەش دەكات: "پێویستە پێش هەموو شتێك ڕای كەركووكییەكان بزانرێت، ئەگەر ئەوان ڕازی نەبوون ڕیفراندۆم بكرێت، ئەوا شتێكی دیكەیە و دەشڵێت: "هەرچەندە قاسم سولەیمانی، ئێران و وڵاتانی دونیا فشار بێنن، ئێمە هەر دەوڵەتی كوردستان دروست دەكەین"، چونكە لە ماوەكانی ڕابردوودا 60 وڵات دروست بووە، تەنیا 4 وڵاتیان (یو ئێن) سەرپەرەشتیی كردووە".



عەلی عەونی ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەگەر برادەرانیش بیانەوێت ئاڵۆزی دروست بكەن و ڕێگری لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە كەركووك، یان لە شوێنێكی دیكە بكەن، ئەوا ئێمە بەبێ ڕیفراندۆم ڕاستەوخۆ دەوڵەتی كوردستان ڕادەگەیەنین."


باسنیوز



Top