چالاکوانێکی سیاسی: بەرپرسی یەکێتی هەیە سەرۆک باندە و ئامادەیە کەرکووک بفرۆشێ

 چالاکوانێکی سیاسی: بەرپرسی یەکێتی هەیە سەرۆک باندە و ئامادەیە کەرکووک بفرۆشێ
چالاکوانێکی سیاسی، ڕەخنەی توندی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گرت و ڕای گەیاند، بەرپرسی وایان تێدا هەیە کە ”ئامادەیە کەرکووک بفرۆشێ“.



دوای ڕووداوەکانی شەوی ڕابردوو، هەوڵێکی کودەتا لەلایەن چەند بەرپرسێکی کەرکووک هەیە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە زۆرێک لە چاودێری و ڕۆشنبیران نیگەرانییان دەربڕی.



لەم چوارچێوەیەدا بەهرۆز جەعفەر، چالاکوانی سیاسی، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە: ”لە دونیادا حزب ھەبێ ھەر (یەکێتی)یە، لە ماوەی 24 سەعاتدا، (11) بەیاننامە و ڕوونکردنەوە و ڕەتکردنەوەی جۆراو جۆریان ھەبووە لە سەر کەرکووک، ھەموویان بە یەکەوە خیتاب دەدەن و دەیکەن بە گەڕەلاوژی، بۆ مێژوو، بۆ ویژدان، بۆ کورد دەیڵێم، تیایاندایە سەرۆکی باندە، بەلایەوە ئاساییە چوار تایە بخاتە ژێر کەرکووک و بیبا لە بەسڕە بیفرۆشێ“.



ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە زۆرێک لەو بەرپرسانە، ڕۆژانە و شەوانە ملیۆنەها دۆلاریان لە کەرکووک دەست دەکەوێت. ئەوەشی نووسیوە: ”جێگر مەڵبەند کە مووچەکەی ملیۆن و نیوێکە، هەزار و (500) دۆنم زەوی داگیرکردووە کە بەشەڕ و خوێنی کەسوکاری ئێمە لە داعش وەرگیراوەتەوە“.



بەهرۆز جەعفەر ئاشکرای کردووە کە لە نێو یەکێتییەوە، پێنج کەس دەیانەوێ ببنە پارێزگاری کەرکووک و جێگە بە دکتۆر نەجمەدین کەریم لێژ بکەن. دەشڵێت: ”نووسەر ھەیە جەبھەی تورکمانی پارەی دەرچوونی ڕۆژنامەکەی بۆ دەدا، سێ جار سەنگەری کوتلەکانی نێو یەکێتی گۆڕیوە“.



بە بڕوای ئەو چاودێرە سیاسییە، ئەوەی دەکرێ هەمووی ”موزایەدەیە بەخوێنی شەھید و ژیانی خەڵکی ڕەشوڕووت“. باسیشی لەوە کردووە کە ئەو لە پارتی دیموکراتی کوردستانیش ناڕازییە، بەڵام پێیوایە یەک لایەنی بە کەموکوڕی باشترە لە حوکمڕانیی ”دۆڵی گورگ و چەتەگەرا“. دووپاتیشی کردووەتەوە: ”ئەمە "کلیپتۆ- کراسیەتە" واتە حوکمڕانی چەتەکان“.



جگەی باسە ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە هەریەک لە کۆسرەت ڕەسول عەلی، شێخ جەعفەر و نەجمەدین کەریم، ڕۆڵێکی گەورە و نیشتمانییانەیان بینیوە و ڕێگەیان لە هەوڵەکانی دژی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە کەرکووک گرتووە.






باسنیوز
Top