ئەلحوێت: 300 هەزار عەرەب بەشداریی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن
موزاحیم ئەلحوێت، گوتەبێژی فەرمیی هۆزە عەرەبییەکانی پارێزگای نەینەوا بە (شەرقولئەوسەت)ی راگەیاندووە، عەرەبەکانی دەشتی نەینەوا خۆیان بە هاووڵاتیی کوردستان دەزانن, ”دوای رزگارکردنەوەی ناوچەکانیان لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە، داوایان لە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە ناوچەکانیان بخرێنەوە سەر هەرێمی کوردستان“.
موزاحیم ئەلحوێت هەروەها رایگەیاندووە، نزیکەی 250-300 هەزار عەرەبی ناوچە کوردستانییەکانی پارێزگای بەشداریی پرۆسەی ریفراندۆم دەکەن و داوای سەربەخۆیی کوردستان دەکەن.
بڕیارە رۆژی دووشەممە 25/9/2017، پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت.
لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 4/6/2017ی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا، رۆژی ٢٥ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.
باسنیوز
