سلێمانی.. دژی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش و حکوومەتی عێراق خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی ئەنجام درا
دەشتی جەمال، ئەندامی ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان، ڕایگەیاند:" لەدەنگی شەقامەوە لە شاری سلێمانی، سەرکۆنەی بڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایش و حکوومەتەکەی عەبادی و ھادی عامرییەکان دەکەین، کە ڕێگری لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان دەکەن، دەمانەوێت ڕێگری لە بەزۆر گرێدانەوەی خەڵکی کوردستان بە دەوڵەتی نەتەوە پەرست و مەزھەبی عێراقەوە بکەین".
ئەندامەکەی ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان، ئەوەشی خستە روو: "گەلی کورد بڕیاری ڕیفراندۆمی داوە و نامانەوێت ھیچ ھێزو لایەنێکی سیاسی ڕێگری لەو مافە ڕەوایەی میللەتی کورد بکات".
ئاشکراشی کرد: "پێویستە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، ڕێگە نەدەن نەیارانی کورد کۆسپ و لەمپەر لەبەردەم ڕیفراندۆمی سەربەخۆی درووست بکەن، چونکە ڕیفراندۆم موڵکی ھیچ لایەنێکی سیاسی نییە، بەڵکو وابەستەی ژیانی نەوەکانی داھاتوومانە و ئەرکی سەرشانی ھەموومانە بەگڕوتینێکی بەھێزەوە پاڵپشتی لەو پرسە نیشتمانییە بکەین".
دەشتی جەمال، ئەندامی ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان، گوتیشی: "ھیچ دەوڵەتێک ناتوانێ ڕێگری لە ڕیفراندۆم بکات، دواجار گەلی کورد خاوەنی ئیرادەی بەھێزی خۆیەتی و قبوڵی ناکات، وڵاتانی دەرەکی ڕێگری لەم مافە بکات، چونکە ھەمیشە حکوومەتە یەک لە دوایەکەکانی عێراق زوڵمیان لە میللەتی کورد کردووە، بێگومان چیتر قبوڵی ناکەین لە ژێردەستەی حکوومەتەکەی بەغدا بژین".
باسنیوز
