سەرکردەیەکی یەکێتی: بۆ سەربەخۆیی نابێ لە ھەڕەشەکانی وڵاتانی دەوروبەر بترسێین

 سەرکردەیەکی یەکێتی: بۆ سەربەخۆیی نابێ لە ھەڕەشەکانی وڵاتانی دەوروبەر بترسێین
ئەندامێکی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕای دەگەیەنێت، بۆ سەربەخۆیی کوردستان نابێ لە ھەڕەشەکانی وڵاتانی دەوروبەر بترسین.

عەتا سەراوی، ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند: "بۆ یەکەمجارە لە نەتەوەیەکگرتووەکاندا گەلێک داوای ڕیفراندۆم بکات، نەک سەربەخۆیی ڕابگەینێت، بەڵام ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت وڵاتانی دەوروبەر تورکیا و ئێران ھاتوونەتە سەر ھێل و دەڵێن، لەگەل یەکپارچەی خاکی عێراق دان، بەڵام پەندێکی کوردی ھەیە دەڵێ، سەرێکە و ھێناومانە نابێت بچێتە دواوە".

ئەو سەرکردەی یەکێتی، ئەوەشی خستە روو کە 99%ی خەڵکی کوردستان لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستاندان، گوتیشی: "زیاتر لە 75%ی ئەو کەسانەی کە مافی دەنگدارنیان ھەیە، بەشداری لە پڕۆسەکەدا دەکەن و ناچنە ژێر فشاری قاسم سولێمانی و ئەرۆغانەوە، ئەوانەشی بەشداری لە پرۆسەکەدا ناکەن دواتر پەشیمان دەبنەوە".

ئەندامەکەی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی، ئەوەشی روون کردەوە: "لەگەل ئەوەدام دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دوو سێ ساڵ سەربەخۆیی دوانەخرێت، بەڵکو لە سێ بۆ شەش مانگدا سەربەخۆیی کوردستان ڕابگەیەنین، چونکە ئێستا نە ساڵی 1988ە نە ساڵی 1991ە لە ھەرەشەی دوژمنەکانمان ناترسین، ئێستا حەوت ملیۆن کورد لە باشووری کوردستان ھەیە، دەبێت پێکەوە سەربەخۆیی ڕاگەیەنین، جا ئەگەر بکوژرێین، یان سەرکەوین ھەموو پێکەوەین".












باسنیوز
Top