ئەشواق جاف: بەغدا ناتوانێ دەستوور بۆ دژایەتی ڕیفراندۆم بەکار بھێنێت
عەشواق جاف، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: "حکوومەتی عێراق بە ئاشکرا دژایەتی پڕۆسەی ڕفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام خۆشبەختانە ئیرادەی میللەتی کورد بەھێزە، ھەروەھا سەرکردایەتیی سیاسیی کورد ھەمیشە جەخت لەوە دەکاتەوە لەکاتی خۆیدا پڕوسەکە بەڕێوە دەچێت، بێگومان ئەمەش ئیرادەی بەھێزی میللەتی کورد دەردەخات".
ئەو پەرلەمانتارە، ئەوەشی خستە روو: "مافی خۆمانە داوای ڕیفراندۆم بکەین، ھەرچەندە حکوومەتی عێراق پێشێلی بەندەکانی دەستووری کردووە و دەیەوێت دەستوور بۆ دژایەتیکردنی پرسی ڕیفرۆندۆم بەکار بھێنێت، بەڵام ھیچ کات بەغدا ناتوانێت ئەو کارە بکات، چونکە حکوومەتی عێراق ماوەی زیاتر لە ١٤ ساڵە دژایەتی مافی ڕەوای میلەتی کورد دەکات".
جەختیشی لەوە کردەوە کە عەبادی و حکوومەتەکەی بەھێز و یاساو دەستوور ناتوانێت دژایەتی ڕیفراندۆم بکات، چونکە کوردستان، کوردستان خاوەنی ھێزی پێشمەرگە و ئیرادەی بەھێزی خەڵکە، دواجار ھێزی پێشمەرگە بووە بە ھاوپەیمانیەتییەکی گرنگی نێودەوڵەتی لە شەڕی نەگریسی داعش.
باسنیوز
