ژمارەیەک پارێزەری دیاربەکر بۆ چاودێریی ریفراندۆم گەیشتنە هەولێر
لە چوارجێوەی ئامادەکارییەکان بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە چەندین ناوەندی یاسایی و چاودێریی نێودەوڵەتی کردووە چاودێریی پرۆسەکە بکەن.
لەو چوارچێوەیەدا، 17 پارێزەری ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی دیاربەکر، رۆژی شەممە 23/9/2017 گەیشتنە هەولێر و چاودێریی پرۆسەی ریفراندۆم دەکەن.
ئەمڕۆ (شەممە) پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە دەرەوەی کوردستان دەستی پێ کرد و بڕیاریشە رۆژی دووشەممە 25/9/2017، پرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێ.
بەپێی زانیارییەکان، کە بەرپرسانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان بڵاوی کردوونەتەوە، ، تاوەکو ئێستا 136 چاودێری نێودەوڵەتی بۆ چاودێریکردنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی، گەیشتوونەتە هەولێر و 140 دەزگای راگەیاندنی جیهانیش خۆیان بۆ رووماڵکردنی پرۆسەکە ناونووس کردووە.
لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 4/6/2017ی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا، رۆژی ٢٥ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.
باسنيوز
