پەرلەمانتارێکی پێشووی یەکێتی: قسەکانی شاسوار عەبدولواحید قێزەونە و سەیری تەلەڤزیۆنەکەشی ناکەم

 پەرلەمانتارێکی پێشووی یەکێتی: قسەکانی شاسوار عەبدولواحید قێزەونە و سەیری تەلەڤزیۆنەکەشی ناکەم
ئەندامێکی پێشووی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان داوای لە شاسوار عەبدولواحید کرد، بانگەشەکانی بوەستێنێت و قسەکانی بە ”قێزەون“ وەسف کرد.



عومەر عەبدولڕەحمان، پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕاگەیاند: شاسوار عەبدولواحید دەیەوێت شەڕی دەروونی لەگەڵ خەڵک بکات و باری کوردستان بشێوێنێت، ئەگەرنا بە درەنگانی شەو چۆن بانگەشەی شەڕ لە کوردستان دەکات، دواتر کوردستان سەدان ساڵە خوێن دەدات و شەڕ دەکات بۆ ئەو ڕۆژە ئێستا، خەڵک بەقسەی ئەو دەترسن و ناچنە دەنگدان؟“.



جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەو کارانەی سەرۆکی گرووپی (نەخێر) بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەیکات، ”لە یاریی منداڵانە دەچێت“ و گوتی: ”زانیارییەکان لە گیرفانی خۆیەوە دەردەھێنێت، بەبێ بەڵگەشە، خۆ ناکرێت ھەر شەوە و بەئارەزووی خۆت بانگەشە بکەیت و خەڵک بترسێنێت".



دووپاتیشی کردەوە کە شاسوار عەبدولواحید ناتوانێت بڕوا بە خەڵکی بھێنێت، چونکە ”ئەم پرسە ھی کەسێک نییە، پرسی گەلێکە، ھیوادارم ئەو جۆرە ریکلامانە بوەستێنرێت، چونکە ناکرێت لە کوردستانەوە دەھۆڵی شەڕ بکوترێت".



پەرلەمانتارەکەی پێشووی یەکێتی ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”قسەکانی شاسوار عەبدولواحید ئەوەندە قێزەونە، سەیری تەلەڤزیۆنەکەشی ناکەم، چونکە لە کوردستانەوە حەیفە ئاوا بیرکردنەوەیەک ھەبێت“.



شەوی ڕابردوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکانەوە، شاسوار عەبدولواحید دوایین بانگەشەی خۆی بڵاو کردەوە و داوای لە گەلی کوردستان کرد، دژی سەربەخۆیی وڵاتەکەیان بوەستنەوە، بەڵام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕووبەڕووی شەپۆڵێکی توندی ڕەخنە و توانج بووەوە و بە ”کەسێکی شکستخواردوو“ وەسفیان کرد.




باسنیوز
Top