نووری مالیکی لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاندووە "خەڵکی موسڵ دوژمنمانن و سوننەن
فەخری کەریم، رۆژنامەنووسی بەناوبانگ و خاوەنی دامەزراوەی مەدا بۆ راگەیاندن، کە لەنێوان ساڵانی 2006 بۆ 2014 راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق بووە، لە گوتارێکدا بەناوی "سیاسەت هەمووی یاریپێکردن نییە، پێویستە مالیکی ئەوەی لەبیربێت" هەندێک زانیاری لەبارەی مالیکییەوە ئاشکرا دەکات و هۆکارەکەشی رووندەکاتەوە و دەڵێ، تەنیا لەبەرئەوەی مالیکی بانگەشەی ئەوە دەکات کە پارێزگاری لە خەڵک و ناوچە سونییەکان دەکات "هەرچەندە ئەو ئێستا بەپێچەوانەی دەستوور ناوی لەوشوێنانە ناوە (ناوچە تێکەڵەکان)".
راوێژکارەکەی ئەوکاتەی جەلال تاڵەبانی لە گوتارەکەیدا باسی کۆبوونەوەیەکی سەرۆککۆماری پێشووی عێراق، کە ئەوکاتە نووری مالیکی سەرۆکوەزیرانی بووە دەکات، کۆبوونەوەکەش وەکو هەوڵێکی مالیکی بووە بۆ درێژکرنەوە ویلایەتەکەی بۆ جاری دووەم، دەڵێ "نووری مالیکی بەئاشکرا گوتی: برایانی کورد پێویست ناکات ماددەی 140 وەکو مەرجێک لەنێو رێککەوتنەکان دابنێن، چونکە ماددەکە خۆی مولزەمە لەڕووی دەستوورییەوە و، من هەموو شتێک دەکەم بۆ ئەوەی لە ویلایەتیی دووەممدا جێبەجێی بکەم".
بەگوتەی ئەو رۆژنامەنووسە مالیکی جەختی کردووەتەوە لەوەی، ئەو کاردەکات بۆ "گەڕاندنەوەی ناوچە دابڕێندراوەکان بۆ سەر کوردستان، (چونکە ئەمە) تەنیا وەکو سوودێک بۆ خۆمان و فەرزێک لەسەرمان نابینم، بەڵکو بە راشکاوانە و بەڕاستی دەیڵێم، پێویستە بەیەکەوە کاربکەین بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان پارێزگای نەینەوا بگرێتە خۆی، چونکە ئەوانە کە مەبەستی خەڵکی موسڵ بوو، دوژممانن، سەرەڕای هەموو شتێک سوننەن و شوێنی بەعس و ئەو کەسانەن کە پیلانگێڕی لە دژی حوکممان دەکەن".
مالیکی لەو قسانەیدا دەریخستووە کە "تەنیا حاکمێکی گێرەشێوێنە" و، هەرواش ماوەتەوە، وەکو نووسەرەکە دەڵێ "تەنانەت دوای ئەوەش کە سەرۆککۆمار بۆی روونکردەوە "پێویستە لەسەرمان پارێزگاری لە برا سوننییەکانمان و رۆڵیان لە پرۆسەی سیاسیدا بکەین، هەروەها پێیگوت باوکی ئیسرا (مەبەستی مالیکییە) لەبیر نەکەی، منیش سوننەم".
رووداو
