بارزانی: لە نێوان ڕاگرتنی دڵی کۆمەڵگەی جیھانی و ویستی گەلەکەمدا ئیرادەی گەلی خۆم ھەڵبژارد

 بارزانی: لە نێوان ڕاگرتنی دڵی کۆمەڵگەی جیھانی و ویستی گەلەکەمدا ئیرادەی گەلی خۆم ھەڵبژارد
مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە وتووێژێکدا لەگەڵ بەشی فارسیی دەنگی ئەمریکا، جەختی کردووەتەوە کە ھەموو ئەو پێشنیار و بەدیلانەی کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم گەیشتوونەتە دەستیان، ھیچکامیان جێگرەی ڕیفراندۆم نەبوون.



لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئاژانسی دەنگی ئەمریکادا کە دەڵێت وەڵامی فەرمیی ئێوە لە بەرانبەر پێشنیاری ئەمریکا چییە؟ مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕای گەیاندووە: "ڕیفراندۆم خۆ کۆتایی دونیا نییە. ئەوان دەڵێن ڕیفراندۆم مەکەن و بۆ چارەسەریی گرفتەکان دەست بە وتوێژ بکەن، بەڵام کاتێک بەغدا ڕیفراندۆم ڕەت بکاتەوە، دەیانەوێ لەبارەی چییەوە گفتوگۆ بکەین؟ لە ئەگەری ڕەتکردنەوەی ڕیفراندۆمدا، یانی ئەوان باوەڕیان بە ھیچ شتێکی دیکە نییە، گرفتی ئێمە لەگەڵ بەغدایە، نەک ئەمریکا و کۆمەڵگەی جیھانی، ئێمە دەمانەوێ لەگەڵ بەغدا بگەینە ڕێککەوتن و کۆمەڵگەی جیھانی و ئەمریکاش گەرەنتیی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە بدەن، بەڵام بەرپرسانی عێراقی ڕایان گەیاندووە کە نە ئێستا و نە لە داھاتوودا ڕیفراندۆمیان قەبووڵ نییە، ئێستا کە ئەوان ڕیفراندۆمیان قەبووڵ نییە، ئێمەش نە ئێستا و نە لە داھاتوودا بەشێک لەوان (عێراق)ی بوونمان قەبووڵ نییە".



سەرۆک بارزانی لە درێژەدا ئاماژە بەوە دەکات: "ئێمە جەخت لەسەر بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم لە کاتی خۆیدا دەکەینەوە و پاش ڕیفراندۆمیش زەمینەیەکی لەبار بۆ دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەست پێ دەکەین، ئەمن لە نێوان دوو بژاردەدا ڕاوەستاوم، ئایا ویست و خواستی گەلی خۆم ھەڵبژێرم، یان داوای دەوڵەتە دەرەکییەکان؟ کە من ویست و ئیرادەی نەتەوەی خۆم ھەڵبژاردووە، تەنانەت ئەگەر بێت و گیانی خۆشم لەم پێناوەدا دابنێم“.



لە بەشێکی دیکەشدا دەڵێت: ھەڵوێستی ڕووسیا جێگەی شانازییە، چونکە نە دژایەتیی کردووە و نە پاڵپشتی".



بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرەتا ئەمریکا و ئەورووپا ئەم ھەوڵەی کوردستانیان بە جددی نەدەگرت و پێیان وابوو کە ئەمە کارتی فشارە و بۆ دەرچوونە لە قەیرانی ناوخۆیی، ”ئێمە ھەرچی ھەوڵمان دا، ئەوان بە جددیان وەر نەگرت، کاتێک پرسی ڕیفراندۆمیان بە جددی وەرگرت، دیسان پێیان وابوو بەھۆی ناکۆکیی ناوخۆیی تێکدەچێت و پەکی دەکەوێت، بەڵام کاتێک پەرلەمانی کوردستان کارا کرایەوە و پشتێوانیی فراوانی خەڵکی سلێمانی، دھۆک و سۆرانیان بینی، دەرکەوت کە ھەر حزب و لایەنێک پێچەوانەی ویستی خەڵک بوەستێتەوە، دەکەوێتە بەر ڕق و تووڕەیی خەڵک".



لە وەڵامێکی پرسیارێکی دەیکەشدا کە ئاخۆ ڕیفراندۆم، شەڕ و بەرەنگاربوونە لەدژی داعش لاواز دەکات؟ سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێیوایە، ئەم ڕوانگانە بە ھیچ شێوەیەک دروست نین و ھەمووی بەھانەیە، بۆیە ھەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە ئێمە لە شەڕ لەدژی داعش پێداگر و جددیتر لە جاران بەردەوام دەبین".



لەبارەی نیگەرانیی وڵاتانی دراوسێ، سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان دەیەوێ ڕیفراندۆم کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دانەنێت. دووپاتیشی کردووەتەوە: ”ئێمە ھەڕەشە قەبوول ناکەین، با ڕاشکاوانە ئەم پەیامە بە ھەموو بەرپرسانی تورکیا بگەیەنم کە لە بەکارھێنانی زمانی ھەڕەشە خۆیان ببوێرن، چونکە ئێمە قەبووڵی ناکەین، ئێرانیش لەباتی ھەڕەشە، زمانی دیالۆگ بگرنە بەر، پێیان دەڵێین ھەروەک 25 ساڵی ڕابردوو ھۆکاری ئاشتی و سەقامگیری بووین، لە داھاتووشدا ھەر وا دەبین".



لە کۆتاییشدا دەڵێت: "نە ڕیفراندۆم سنوورەکان دیاری ناکات و نە ئەو ڕوانگەیەی بەغدا کە وەک سنووری کوردستان باوەڕی پێی ھەیە، بەڵکوو سنوورەکانی کوردستان لەگەڵ بەغدا پاش ڕیفراندۆم و لە ئەنجامی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دیاری دەکرێن".





باسنیوز
Top