شاندی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم سەردانی بەغدا دەکات

 شاندی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم سەردانی بەغدا دەکات
شاندی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی عێراق سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆ دەبێتەوە.



لە سەردانەکەدا، کە رۆژی شەممە 23/9/2017، ئەنجام دەدرێ، شاندی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بۆ لایەنە سیاسییەکان و حکوومەتی عێراق، روون دەکرێتەوە.



ئەو سەردانە لە کۆبوونەوەی رۆژی 20/9/2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراق و بەرپرسانی باڵای کوردستان، لە سلێمانی بڕیاری لەسەر درا.



رۆژی هەینی 22/9/2017، بارزانی لە وتارێکدا لەبەردەم سەدان هەزار هاووڵاتیی شاری هەولێر، رایگەیاند، کە ئێستا هەموو بڕیارەکان لەبارەی ریفراندۆم لەدەستی ئەو و حزبەکانی کوردستان دەرچووە و ئێستا گەلی کوردستان بووەتە خاوەنی ئەو پرسە.



لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 4/6/2017ی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا، رۆژی ٢٥ـی ئەیلوولی ٢٠١٧ ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.






باسنیوز
Top