حەسەن حەدۆ: خەڵکی باڵەکاییەتی بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئامادەن

 	 حەسەن حەدۆ: خەڵکی باڵەکاییەتی بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئامادەن
بەرپرسی لقی 26ی گوڵان لە دەڤەری باڵەكایەتی دەڵێ، هەموو ئامادەكاریەك كراوە بۆ 25/9 و خەڵكی باڵەكایەتی چاوەڕوانی ئەو رۆژە دەكەن بۆ ئەوەی روو لە سندوقەكانی دەنگدان بكەن و بە بەڵێ دەنگ بۆ سەربەخۆیی كوردستان بدەن.

(حەسەن حەدۆ) بەرپرسی لقی 26ی گوڵان لە دەڤەری باڵەكایەتی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: وەكو لقی 26ی گوڵان لە دەڤەری باڵەكایەتی ماوەیەكی زۆرە هەموو ئامادەكارییەك كراوە، جەماوەر ئامادەیە بۆ ئەوەی لە 25/9 بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و بە بەڵێ دەنگ بۆ سەربەخۆیی كوردستان بدەن.

گوتیشی: خەڵكی باڵەكایەتی دڵسۆزی كوردایەتین، هەر خێزانێك شەهیدێك یان بریندارێكی بۆ سەربەخۆیی كوردستان داوە، یان لە پێناو كوردایەتی چەندین جار ئاوارە و دەربەدەر بوونە، هەروەها لە شۆڕشەكانی ئەیلوول و گوڵان دەورێكی سەرەكیان بینیوە، بارەگاكانی شۆڕشیش هەر لەو ناوچەیە بوونە، بۆیە خۆشەویستی ئەو خەڵكە دڵسۆزە بەرامبەر بە ( بارزانی نەمر) زیاتر بووە، بۆیە هەر لە ئێستاوە خۆیان ئامادەكردووە بۆ ئەوەی لە رۆژی ریفراندۆم بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و بە بەڵێ دەنگی خۆیان بدەن.

(حەسەن حەدۆ) زیاتر گوتی: پێویستە هەموو لایەنەكان سوود لەو دەرفەتە ببینن كە هاتووەتە پێشەوە، چونكە جارێكی دیكە ئەو دەرفەتە بۆ گەلی كورد ناڕەخسێت، بۆیە هیوادارین هەموومان بە یەك دەنگ و یەك ڕەنگ بەشدار بین لەو دەرفەتەی بۆ ئێمە دروست بووە بۆ ئەوەی گەلی كورد بەو ئامانجانە بگات كە دەریایەك خوێنی بۆ داوە، چونكە پاداشتی خوێنی شەهیدان تەنیا بە سەربەخۆیی دەدرێتەوە.

بەرپرسی لقی 26ی گوڵان لە دەڤەری باڵەكایەتی ئاماژەی بەوەش كرد، لە ماوەی رابردوو بارەگایەكی شۆڕشی ئەیلوول نۆژەن كراوە، لەبەرنامەشدایە هەموو ئەو شوێنانەی كە بارەگای ( بارزانی نەمر) شۆڕش بوونە دەست نیشان كراون كە لە داهاتوودا نۆژەن بكرێنەوە، چونكە رۆژانە خەڵكێكی زۆر لە هەر چوار پارچەی كوردستان سەردانی ئەو بارەگایانە دەكەن".
kdp-
Top