خورماتوو.. کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان ئامادەکارییەکانی بۆ ڕیفراندۆم تەواو کردووە

 خورماتوو.. کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان ئامادەکارییەکانی بۆ ڕیفراندۆم تەواو کردووە
جێگری بەڕێوەبەری ئۆفیسی خورماتووی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی ڕای دەگەیەنێت، سەرجەم ئامادەکارییەکانمان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم تەواو کردووە.

جومعە محەمەد، جێگری بەرێوەبەری ئۆفیسی خورماتووی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی، ڕایگەیاند: "ئۆفیسەکەی ئێمە ڕۆڵی پارێزگایەکی بچووککراوە دەبینێت، واتە ئێمە ڕاستەخۆ سەر بە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانین لە ھەولێر، ئێمە سەرجەم ئامادەکارییەکانمان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم تەواو کردووە و چاوەڕوانی بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسەیەین".

گوتیشی: "لە خورماتوو و دەوروبەری، 500 کەس وەک کارمەندی کۆمیسیۆن پرۆسەی ریفراندۆم بەڕێوە دەبەن، بە دەنگدانی گشتی و تایبەتەوە و بۆ پێشمەرگە سندووقی گەڕۆکمان دەبێت، بۆ ئەوەی پێشمەرگەکان لە سەنگەرەکان لە دەنگدان بێ بەش نەبن".

جێگری بەڕێوەبەری ئۆفیسی خورماتووی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان و ڕاپرسی، دەشڵێت: "لە خورماتوو و دەورووبەری، 37 ناوەندی دەنگدانمان کردووەتەوە، ھاوکات ھاووڵاتییانی ئاوارەی خورماتوو ناوەندی دەنگدانیان بۆ کراوەتەوە، لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان".

ئەوەشی خستە ڕوو، کە ئەو ناوەندی دەنگدانانە لە شار و شارۆچکەکان کە کراوەتەوە بۆ خەڵکی خورماتوو، بریتین لەمانەی لای خوارەوە:

1- سلێمانی/ ئامادەیی لەیلا زانای کچان کە دەکەوێتە بەرامبەر شوقەکانی رۆژ سیتی.
2- چەمچەماڵ/ قوتابخانەی ژینی بنەرەتی کە دەکەوێتە بەرامبەری دادگای تەمیز.
3- کفری/ ئامادەیی کفری کە دەکەوێتە نزیک پەیکەری ئیبراھیم دەلۆ.
4- شارەدێی رزگاری سەر بە کەلار/ قوتابخانەی وشیاری بنەڕەتی کە دەکەوێتە نزیک مزگەوتی شاکەلی.
5- کەرکووک/ قوتابخانەی کوێستان کە دەکەوێتە گەڕەکی حوڕییە.
6- بنەسڵاوە/ ناوەندی ئاوارەکان.










باسنیوز
Top