شارەزایەکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان: بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ئاسایش دژی پرەنسیپەکانی خۆیانە

 شارەزایەکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان: بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ئاسایش دژی پرەنسیپەکانی خۆیانە
شارەزایەکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان باس لە بەیاننامەکەیی ئەنجومەنی ئاسایش بەرانبەر بە ڕیفراندۆمی کوردستان دەکات و دەڵێت: "ئەو یەیاننامە لەدژی پرەنسیپەکانی خۆیانە".

دڵشاد نامیق، ماستەر لە پەیوەندیی نێودەوڵەتییەکان شارەزا لە پەیوەندیی نێودەوڵەتی، گوتی: "سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین ئەنجومەنی ئاسایشی دامەزراوەیەکی گرنگی نەتەوە یەکگرتووەکانە و خودی نەوە یەکگرتووەکانیش لە میساقی خۆیدا بە شێوەیەکی مەبدەئی ئەوەی چەسپاندووە کە مافی چارەی خۆنووسین مافی هەموو گەلانی سەرزەوییە و لەپێناوی ئەوەی ئاسایش و ئارارمی لە جیهان بەردەوام بێت، پێویستە گەلانی جیهان بە شێوەی ئاشتیانە بگەنە مافی چارەی خۆنووسین و نەتەوە یەکگرتووەکانیش پاڵپشتیان بێت".

گوتیشی: "دەرەنجامی ئەمەی گەلی کوردستان دەیکات کە پرسی ریفراندۆمە، هاوسەنگە یان دێتەوە لەگەڵ مەبدەئی مافی چارەی خۆنووسین کە نەتەوە یەکگرتووەکان چەسپاندویەتی لێرەدا ئەنجومەنی ئاسایشی لە بەیاننامەکەی خۆیدا مەترسی ئەوە دەخاتەڕوو ئارامی لە عێراق و ناوچەکە تێک بچێت لە کاتێکدا ئەمە رێک پێچەوانەی واقیعەکەیە لە ماوەی سەد ساڵی رابردوودا لەبەر ئەوەی کە گەلی کوردستان بەم مافەی نەگەیشتووە و هەندێک لە گەلانی دیکەی ناوچەکە بەم مافەیان نەگەیشتوون، دەبینین کە ناوچەکە ئارامی ئاسایشی تێدا نەبووە".

دڵشاد نامیق ئەوەشی خستە ڕوو: "هەر خودی نەتەوە یەکگرتووەکان پرەنسیبی دەخالەتی مرۆیی داهێنا و لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستەگەڕ بۆ پاراستنی ئەو گەلانەی کە دووچاری لەناوچوون بوون، نموونەی گەلی کوردستان، ئیستا کە بەیاننامەیەک کە هێزێکی یاسایی نییە داوا لە گەلی کوردستان دەکات راپرسی ئەنجام نەدات، ئەمە دژی پرەنسیبەکانی خۆی و دژی ئەو رێکارانەیە کە پێشووتر بۆ پاراستنی گەلی کوردستان کردوویەتی و بەرلە نموونەی ناوچەی ئارام و هێڵی دژە فڕین بۆ پاراسنی خەڵکی کوردستان، بۆیە دەکرێت ئەم بەیاننامەیە وا تەماشا بکرێت کە موجامەلەکردنی ئەو هێزانەیە کە کاریگەرییان لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە و لەوە دەترسن بەرژەوەندییان بکەوێتە مەترسییەوە و بەیانامەکە هێزی یاسایی نییە و ناتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی سزای خەڵکی کوردستان بدات و سەرپێچی بەیاننامە سزای نابێت."

ئەو شارەزایەی بواری پەیوەندییە نیودەوڵەتییەکان دەڵێت: "بەیاننامەی لەدژی وڵاتانی دیکەش دەرکردووە و نیگەرانی دەربڕیوە لەسەر زۆر شت، لەبەر ئەوەی لە چوارچێوەی بەیاننامە دایە و هیچ سزای لێ ناکەوێتەوە و لە حاڵەتی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی نەتەوە یەکگرتووەکان ناچار دەبێت پابەند بێت بە پاراستنی خەڵکی کوردستان لە ئەگەرێکدا کە ئەو وڵاتانەی لەدژی ڕیفراندۆمن، چونکە ڕیفراندۆم لەدژی پرەنسیپەکانی کۆمەڵگەی نێودەوەتی نییە".












باسنیوز
Top