وەزارەتی ئەوقاف: ئەمڕۆ زیاتر لە 3 هەزار وتارخوێن باس لە پشتیوانیی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن
نەبەز ئیسماعیل گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: "بۆردی فەرمی دانانی وتاری ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا ئەمڕۆ 22/9/2017 لە سەرتاسەری كوردستاندا، لەو مزگەوتانەی كە وتاری هەینییان تێدایە، مامۆستایانی ئایینی باس لە پشتیوانی لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بكەن و داوا لە هاووڵاتیان بكەن بە جۆش و خرۆشەوە بەشداری لە پرۆسەكەدا بكەن و بۆ ئەوەی میللەتی كوردیش وەكوو میللەتانی دنیا ببێتە خاوەن كیان و قەوارەی تایبەت بەخۆی".
گوتیشی "لە هەرێمی كوردستاندا 3 هەزار و 14 مزگەوت وتاری هەینییان تێدا دەخوێندرێتەوە و پێشبینی دەكرێت نزیكەی 600 ـ 700 هەزار كەس بەشداری نوێژی هەینی بكەن".
لە کۆبوونەوەی ڕێکەوتی 2017/6/7ی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بڕیارە ڕۆژی 25/9/2017 لە هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بەڕێوە بچێت.
باسنیوز
