"خەڵکی شنگال و سنوونێ بڕیاری خۆیان داوە"
(نایف سەیدۆ)، بەڕێوەبەری شارەدێی سنوونێ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ''لە سنووری شارۆچکەی سنوونێ، کە تا ئێستا ١١ ھەزار خێزان گەڕاونەتەوە ئەو سنوورە، ٧ بنکەی دەنگدانیان بۆ دەکرێتەوە و، ٢ بنکە لە ناو سەنتەری شارۆچکەکە دەبێت. ئەوانی دیکەش لە کۆمەڵگەکانی دەوروبەر دەبن.''
خەڵکی ناوچەکە بە ئۆمێدەوە چاوەڕوانی ٢٥/٩ دەکەن، لە پێناو گەڕاندنەوەیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و دەنگی خۆیان دەدەن. (سەیدۆ) گوتیشی: ''زیاتر لە ٨٠%ی خەڵکی سنووری شنگال و ناوچەکانی دیکە دەڵێن (بەڵێ) بۆ سەربەخۆییی کوردستان، چونکە ھەموو ھیوا و ئاواتیان ئەوە بووە ڕۆژێک بێت، دەنگ بدەن و بگەڕێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان.''
بەڕێوەبەری شارەدێی سنوونێ زیاتر گوتی: ''بارودۆخی ناوچەکە زۆر باشە، ھاووڵاتیان بە ئاسانی دەتوانن لە ھەموو ناوچەکان ھاتوچۆ بکەن و ھیچ کێشەیەک نییە، ئەوەش وای کردووە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خەڵک بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.''
kdp-
