هونەر سەلیم: منداڵەکەم تەمەنی بەقەد کۆرپەکەی عومەری خاوەرە حەز دەکەم وڵاتێکی هەبێت

 هونەر سەلیم: منداڵەکەم تەمەنی بەقەد کۆرپەکەی عومەری خاوەرە حەز دەکەم وڵاتێکی هەبێت
دەرهێنەرێکی ناسراوی کورد، پشتیوانیی خۆی بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد کە منداڵەکەی تەمەنی بەقەد ئەو منداڵەیە کە لە باوەشی عومەری خاوەردا بووە و دەخوازێت ”وڵاتێکی هەبێت“.

ھونەر سەلیم، دەرهێنەری ناسراوی کورد، ڕایگەیاند، ڕۆژی هەینی 22/9/2017، بە مەبەستی بەشداریکردن لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، دەگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوە کرد: ”ئەوەی ٩٧ ساڵە من بە عێراقەوە دەبەستێتەوە، زنجیرێکی ئاسنە، کەلەپچەیە، من کوردم و نیشتیمانم ناوی کوردستانە. ئەوەی ئەم ٩٧ ساڵە کوردێک و کوردێکی دیکە بەیەکدی دەبەستێتەوە، ھەستی مەزڵومیەت و چەوساندنەوەیە لەژێردەستی عێراقدا“.

هونەر سەلیم جەختی لەوە کردەوە، لەو کاتەوەی عێراق بووەتە خاوەن هێز، هەر کەسێک لە بەغدا لەسەر تەخت بوبێت، پاشا بووبێت یان سەرۆک کۆمار، ڕاست بووبێت یان چەپڕەو، سوننە بووبێت یان شیعە، ”یەک ڕەفتاریان لەگەڵ کورد کردووە، لەشکر و موخابەرات و تۆپ و تانک و تەیارەیان بەکارھێناوە تاوەکو منی کورد بە دیلی بمێنمەوە؟“.

ئەو دەرهێنەرە ناسراوەی کورد، وێنەی عومەری خاوەر وەبیر خەڵکی کوردستان دێنێتەوە و دەڵێت: ”وێنەکانی عومەری خاوەر و کۆرپەکەیت بینیوە؟ لە چ خەوێکی ئەزەلیدان دوای ھەڵمژینی ژەھری کیمیایی کە بەرھەمی زانست و داھێنانی لەشکری عێراقە!، من منداڵێکم هەیە لە تەمەنی کۆرپەکەی عومەری خاوەر دایە، دەمەوێت ئەو منداڵەم وڵاتێکی هەبێت و ”ئازا“یەکەم نیشتمانێکی ئازادی هەبێت

ئەوەشی نەشاردەوە کە 12 فیلمی لەماوەی کارکردنی ڕابردوویدا دروست کردووە کە 11 فیلمیان باس لە ”مەزڵومیەتی کورد“ دەکەن.

لە کۆتاییشدا ئەوەی دووپات کردەوە کە دوای ٩٧ ساڵ ژیردەستیی عێراق، کاتی ئازادیی کوردستان هاتووە. داواشی لە گەلی کوردستان کرد، هەرگیز ئەو نەهامەتییانە لەبیر نەکەن کە لە دژیان کراون.










باسنیوز
Top