پەرلەمانتارێک: کەرنەڤاڵەکەی سلێمانی پرۆژەکەی مالیکیی ڕەت کردەوە
سەعید مەسیفی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لە لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گوتی: "پرۆژەی مالیکی لە کەرنەڤالی دوینێش سلێمانی لەلایەن خەڵکی شارەکەوە ڕەت کرایەوە و دەنگی ڕاستەقینەی سلێمانی ئەوەیە نەک هێزێک، یان دوو سێ کەس بیانەوێت پرۆژەیەکی دەرەکی بەسەر شارەکەدا فەرز بکەن، مالیکی دەیەویست شاری سلێمانی لە شارەکانی دیکەی کوردستان جیا بکاتەوە، بەڵام ئەو کەرنەڤاڵەی دوێنێ وەڵامی دایەوە".
ئەو ئەندام پەرلەمانەی یەکێتی گوتیشی: "سلێمانی شارێکە نایەوێت هیچکات لە مێژووی سەروەری داببڕێت و لەپێناو سەربەخۆیی کوردستاندا زۆرترین قوربانی داوە ئیتر چۆن دەکەوێتە ژێر کاریگەریی کەسانێکەوە بیانەوێت بەرەو هەڵدێری بەرەن، گرفتی سلێمانی رەنگە لەوەدا بێت زۆرترین هەوڵ دەدات قوربانی دەدەات بۆ ئەوەی حزبییەکان بەیەکەوە بسازێن و رەنگە ناکۆکیی ناوخۆیی خۆشمان وای کردبێت وەک پێویست نەمانتوانیبێت دەنگی خۆمان بگەیەنین".
لە درێژەد گوتیشی: "پارتی و یەکێتی و حزبەکانی دیکە پێکەوە بە هاوبەشی لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو سەلماندیان بە جددی دەیانەوێت ئەم پرۆسەیە سەربکەوێت بۆ ئەمەش پشتیوانی و پاڵپشتیی خەڵکیان بەدەست هێناوە و خەڵکیش تادێت بۆ سەربەخۆیی فشارەکانی زیاتر دەکات".
باسنیوز
