نووسەرێکی کورد: سلێمانی سزای ئەوانەی دا کە دەیانەویست بەرەو هەڵدێری ببەن
عەبدوڵا ئاگرین، نووسەر و ڕۆشنبیر، دەربارەی قسەی هەندێک لەو کەسانەی دەیانگوت سلێمانی پێشوازی لە سەربەخۆیی ناکات، گوتی: "سلێمانی پەردەیەکی بەسەردا درابوو و دیوە ڕاستەقینەکەی شاردرابووەوە، ٢٠ ساڵە هەوڵ دەدرێت ئەم پەردە لانەبرێت، دوێنێ پەردەکە لادرا و هەوایەکی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان ڕووی ڕاستەقینەی دەرخست".
ئەو نووسەرە گوتیشی: "دوێنێ جگە لەوەی کە خۆمان لە کەرنەڤاڵەکە ئامادە بووم برادەرەکانم باسی ئەوەیان کرد گلەییەکی زۆر هەبوو خەڵکێکی زۆر لە دەرەوەی یاریگا ڕێگایان نەبووەوە بهێنە ژوورەوە، واتە ئەو خەڵکەی هاتبوون ئەوەندە زۆر بوون هیچ یەکێک لە خەڵک پێشبینی نەدەکرد، چونکە ئەوانەی دەیانەوێت سزای سلێمانی بدەن تاریکیان لای خەڵک دروست کردووە کە ئەم شارە لەدژی سەربەخۆییە".
عەبدوڵا ئاگرین ئاماژەی بەوەش کرد: "سلێمانی هێزێکە قەد لە کوردستان و پرسی نەتەوەیی جیانابێتەوە، بگرە ئەو گڕوتینەی کەرنەڤاڵەکەی سلێمانی وای کرد کە بارزانی نموونەیان لەسەر بهێنێتەوە، سەرۆک بارزانی دووبارە حەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە ئەم شارە شاری هەڵمەت و قوربانییە دوو جار سەلماندی ناسنامەی هەڵمەت و قوربانییە جارێک بە پێشوازی نەکردن لە (نەخێر) بۆ سەربەخۆیی کوردستان و جارێک بە گڕوتینی خەڵک بۆ سەربەخۆیی کوردستان".
ئەوەشی خستەڕوو: "خەڵکی سلێمانی تینووی نەفەسی ڕاستەقینەی ئازادین و بێزار بوون لەو پەردەی بەسەریاندا دراوە و ئەوانەشی دەیانەوێت خەڵک نەچێتە کەرنەڤاڵەکە لەوە دەچێت بە تەماشاکردنی ئەو کەرنەڤاڵە نیگەران بووبن، چونکە کەرنەڤاڵەکە قسەی خۆی کرد و بارزانیش گوتی ئێوە ڕیفراندۆمتان تەواو کرد، واتە بارزانی پەیامی سلێمانی جیاواز بوو لە شارەکانی دیکە و گوتی ڕیفراندۆمتان کرد لە سلێمانی گوتی تەواوتان کرد واتە سلێمانی لەو بارەوە قسەی خۆی کرد".
باسنیوز
