قۆناغی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی حەویجە دەستی پێکرد

 قۆناغی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی حەویجە دەستی پێکرد
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، قۆناغی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی حەویجەی ئاشکرا کرد و فەرماندەیەکی باڵای پێشمەرگەش زانیاریی ورد لەبارەی پلانی کۆنتڕۆڵکردنەوەکە ئاشکرا دەکات.



بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 21/9/2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارانی عێراق، لە ڕاگەیاندراوێکدا دەست پێکردنی قۆناغی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی حەویجەی ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە وەک بەڵێنیان بە گەلی عێراق داوە، تەواوی خاکی عێراق لە تیرۆریستانی داعش پاک دەکەنەوە.



لەمبارەیەوە فەرماندەیەکی باڵای هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری پارێزگای کەرکووک ئاشکرا کرد کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ تۆپخانەکانی سوپای عێراق چەند ناوچەیەکیان لە شرگات تۆپباران کردووە و کاتژمێر 5ی بەرەبەیانیش هێرش بۆ لای چەپی شرگات دەستی پێکردووە.



ئەوەشی ڕوون کردەوە کە بەپێی پلانێک، هەفتەیەک پاش ئازادکردنەوەی شرگات کە دەکەوێتە نێو مانگی داهاتوو، هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی سەنتەری شارۆچکەی حەویجە ئەنجام دەدرێت.


باسنیوز
Top