لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی ئابووری، داوای پاڵپشتیی ریفرەندۆم دەکرێت
شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی (دکتۆر عەلی سندی) بە یاوەریی (زیاد ڕەووف) نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا بەشدارییان لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی ئابووری کرد، کە یەکێکە لە گەورەترین و گرینگترین کۆنفڕانسی ئابووری و سیاسی لە ئەورووپا، کۆڕبەندەکە سێ ڕۆژی خایاندووە، بابەتی سەرەکی کۆڕبەندی ئەمساڵ تایبەت بووە بە بیروبۆچوون لەسەر شێوەی نوێی ئەورووپا و جیهان لە سەردەمی زیادبوونی هەڕەشەکان. لە پانێڵی کردنەوەی کۆڕبەندەکە، هەریەك لە سەرۆکانی پۆڵۆنیا و جۆرجیا و مەقدۆنیا بەشدارییان کردووە، هەروەها لەو دیدارە نێودەوڵەتییەدا سەرۆکوەزیرانی وڵاتان و وەزیران و پەڕلەمانتاران و خاوەن کۆمپانیاکانی پۆڵۆنی و ئەوروپی و ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئاسیا و ئەفریکا ئامادەی بوون. هاوکات لە بیست و حەوتەمین کۆڕبەندی ئابووری ئەمساڵ، ژمارەیەکی پێوانەیی بەشداری بوون کە بە نزیکەی 4 هەزار کەس خەمڵێنراوە لە 54 وڵاتی جیهانەوە.
شاندی کوردستان و نوێنەری حکوومەت (زیاد ڕەووف) گفتوگۆ و چاوپێکەوتنی لەگەڵ سیاسەتمەدارانی کاریگەری پۆڵۆنیایی لەمەڕ پرسی ریفرەندۆم ئەنجام داوە، وەک پەڕلەمانتارانی هەموو حیزبەکان لە پەڕلەمان، لەوانە سەرۆکی فڕاکسیۆنەکان: ستانیسلاڤ تێرلێچکی Stanisław Terlecki لە پارتی یاسا و دادپەروەری دەسەڵاتدار، سلاڤۆمیر نێومان Sławomir Neumann لە حیزبی پلاتفۆڕمی هاوڵاتی، ڤلادیسلاڤ کۆشینیاك کامیش Władysław Kosiniak Kamysz سەرۆکی پارتی میللەت، کاتاژینا لوبناوەر Katarzyna Lubnaue لە پارتی "Nowoczesna”.
لە میانەی چاوپێکەوتن و دیدارەکانیدا نوێنەری حکوومەت بە وردی بۆ نوێنەرانی پەڕلەمانی پۆڵۆنیای ڕوون کردووەتەوە، کە بۆچی سەرکردایەتیی کورد بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفرەندۆم داوە، (زیاد ڕەووف) ئاماژەی بەوەش داوە، کە کوردستانی سەربەخۆ چانسێکە بۆ ئەورووپا و جیهان، هاوکات بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەبێتە هۆکاری سەقامگیری، پەڕلەمانتارانی ئەو وڵاتەش پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو ئاواتەی گەلی کورد دەربڕیوە، هەروەها چەند پێشنیازێکیان خستۆتەڕوو بۆ ورژاندنی پرسی کورد لە پەڕلەمانی پۆڵۆنیا، جەختیشیان لەسەر ئەوە کردووە، کە چاودێرانی نێودەوڵەتی پێویستە لە پڕۆسەی ڕیفرەندۆم ئامادە بن.
لە کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانی لە ڕۆژی 12ی سێپتێمبەر لە باڵەخانەی پەڕلەمانی پۆڵۆنیا، کە تیایدا بە یاوەری (زیاد ڕەئوف)، (کۆرنێڵ مۆڕاڤێچکی) Kornel Morawiecki سەرۆکی فەخری پەڕلەمانی پۆڵۆنیا و پەڕلەمانتار لە گرووپی "ئازاد و پشتیوانەکان" پشتیوانی لە ڕیفرەندۆم و هەوڵەکانی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان کرد.
لە پانێڵی وتووێژ کە تەرخان کرابوو بۆ سەرکردە تازەکان و هەڕەشە تازەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد، کە باسی خەبات و قوربانی پێشمەرگەی لە دژی تیرۆریستانی داعش و پاراستن و حەواندنەوەی ئاوارەکان و سەقامگیرکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد، هەروەها داوایشی کرد کە دان بە کوردستانی سەربەخۆدا بنرێت.
kdp-
