پسپۆرێكی نێودەوڵەتی؛ دەوڵەتی كوردستان دەبێتە باشترین نموونەی پێكەوەژیان لە ناوچەکەدا
(كرمانج عوسمان)، پسپۆڕی نێودەوڵەتی و ڕاوێژكاری دەستەی سەربەخۆیی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەم دەوڵەتە كوردستانییەی كەوا بەڕێوەیە مافی هەموو نەتەوە و پێكهاتەكانی تێدا بەرجەستە و پارێزراو دەبێت. لەبەر ئەوەی تا ئێستا ئێمە دەوڵەت نین، چەندین ڕێكکەوتننامەی نێودەوڵەتی هەیە لەبارەی پێكهاتە و كەمینە و مافەكانی مرۆڤەوە، کە تا ئێستا واژۆمان نەكردووە، كەچی سەرەڕای ئەوەش، چەندین یاسامان دەركردووە بۆ مافەكانی مرۆڤ. بەڵام عێراق واژۆیشی كردوون، کەچی بەردەوام پێشێلیشیان دەكات.''
(كرمانج عوسمان) ڕوونیشی كردەوە: ''دەبێ كەمینە و پێكهاتەكان بەر لە هەمووان داوای دەوڵەتی كوردستان بكەن، چونكە ئەوكات هەرێم ڕیکكەوتننامە جیهانییە مرۆییەكان واژۆ دەكات و ئەوانیش زیاتر مافەكانیان وەردەگرن.''
(كرمانج عوسمان) جەختیشی كردەوە: ''ئەو دەوڵەتی كوردستانەی كە بڕیارە دابمەزرێت، دەبێتە نموونەی پێكەوەژیان، چونكە هەرێمی كورستان بە وەرگرتنی ئاوارەكان و بە سەقامگیری و ئاسایش و بە هەبوونی ئەو هەموو پێكهاتەیە بۆ جیهانی سەلماندووە، كە نموونەی پێكەوەژیانە. لە هەرێم چەندین شارۆچكە و گوند و ناوچەی پێكهاتە و كەمینەكان هەن و هەر ماون و هەرگیز لە لایەن هەرێمەوە دەستیان بۆ نەبراوە و بگرە خزمەتیش كراون، ئەمەش وای كردووە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی زلهێز بە چاوێكی پاك و تەمیز سەیری هەرێم بكەن و كێشەی مرۆییان لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان نەبێت.''
kdp-
