خاوەن پێدویستییانی تایبەت: ئامادەین لە پێناو کوردستاندا بەرگری بکەین؛ دەنگتان بۆ سەربەخۆیی بێت
) محەمەد سادق)، خاوەن پێداویستییەکی تایبەتە و لە سۆران نیشتەجێیە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''من لە ناوچە سنوورییەكانی كوردستان بە هۆی مینێكی ڕژێمی بەعس، ئەو ڕژێمەی كە هیچ نەماوە بەسەر گەلی كوردیدا نەهێنێت كەمئەندام بوومە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش، هیوا و ئاواتەكانی خۆمم لە دەست نەداوە، كە یەكێك لە هیوا و ئاواتەكانی من ئەوە بوو، ڕۆژێك لە ڕۆژان كوردستان سەربەخۆ بێت، ئێستاش خەریكە بەو ئاواتە دەگەین، بۆیە داوا لە خەڵكی كوردستان دەكەم ڕۆژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی كوردستان ڕوو لە سندووقەكانی دەنگدان بكەن و بە بەڵێ دەنگ بۆ سەربەخۆییی كوردستان بدەن.''
(كامەران حەمید)، كەمئەندامێكی دیكەیە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''من لە شەڕی داعش بریندار بووم، ئێستاش كەمئەندامم، ئەو داعشەی كە (نووری مالیكی) و هاوبیرەكانی هێنایانە هەرێمی كوردستان و عێراق، بەڵام توانیمان بە هیممەتی سەرۆكی كوردستان و هێزی پێشمەرگە ئەو تیرۆریستە لەناو ببەین، ئێستاش كە بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو دەنێین، وا هەست دەكەم ئێستا لە دایك بوومە، چونكە بە سەربەخۆییی كوردستان كەس ناتوانێت جارێكی دیكە دەست بۆ كوردستان درێژ بكات و لەناومان ببات، بەڵكو لە خۆشترین ژیاندا دەژین و بە هەموو ئەو مافانە دەگەین كە باب و باپیرانی ئێمە خۆیان بۆ كردووەتە قوربانی.''
(مستەفا شەمسەدین)یش خاوەن پێداویستیی تایبەتی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: ''ناوچە سنوورییەكانی كوردستان، شوێنی شۆڕش و بەرخۆدانی گەلی كورد بوونە، هیچ چیایەك لە كوردستان نەماوە هێزی پێشمەرگە داستانێكی لێ تۆمار نەكردبێت، من وەكو پێشمەرگەیەكی شۆڕشی ئەیلوول كە لەو شۆڕشەدا كەمئەندام بوومە، بەڵام لەگەڵ كەمئەندامیەكەیشمدا هەر پێشمەرگە بووم و چەكی شەرەفم هەڵگرتووە، ئێستاش بە هەمان ڕۆحیەت بەرگری لە خاكی پیرۆزی كوردستان دەكەم، بەڵام ئەمجارە نەك بە چەك، بەڵكو بە دەست و پەنجەكانم دەنگ دەدەم بۆ ئەوەی خەبات و قوربانیدانی ئێمە بەفیڕۆ نەچێت و بەو ڕۆژەش بگەین، کە هیوا و ئاواتی ئێمە بووە، چونكە ئێمە بۆ سەربەخۆییی كوردستان خەبات و قوربانیمان داوە و باوەڕمان بەوە هەبوو ڕۆژێك دێت كوردستان سەربەخۆ دەبێت، بۆیە داوا لە هەموو خەڵكی كوردستان، بەتایبەتی چینی كەمئەندامان دەكەین، لەو ڕۆژەدا بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و دەنگ بە سەربەخۆییی كوردستان بدەن.''
kdp-
