کەرنەڤاڵی (بەڵی) بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە سلێمانی
مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەمیانەی گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد: "شاری سلێمانی ھەردەم لە پێشەوە بووە بۆ سەربەخۆیی کوردستان، بۆیە من دڵنیام ئێوەش پێشەنگ دەبن بۆ ریفراندۆمی 25/9/2017".
دوای بەدوای ئەو گوتەیەی بارزانی ھاونیشتمانیانی شاری سلێمانی بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و گوتنەوەی سروودی نیشتمانی، بەڵێنی ئەوەیان دووپات کردەوە، بەدەنگی (بەڵێ) دەنگ بەڕیفراندۆم و سەربەخۆی کوردستان دەدەن.
ھەوراز ئەکرەم، کچە خوێندکاری زانکۆی سلێمانی لە کۆلێژی ھونەر ڕایگەیاند: "وەک ھاونێشتمانییەکی شاری سلێمانی دەنگم (بەڵێ) دەبێت، بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان".
ئەو کچە خوێندکارە گوتیشی: "خۆشحاڵم بەوەی کە ھاووڵاتییانی شاری سلێمانی، بەشدار بوون لە کەرنەڤاڵی (بەڵێ) بۆ سەربەخۆی ھەرێمی کوردستان".
لەلایەکی دیکە شاخەوان عەبدوڵا، کە شۆفێری تەکسییە، کە ئەڵای کوردستانی بڵند کردبوو گوتی: "برایەکەم لە مەلا عەبدوڵا بەدەستی تیرۆریستانی داعش شەھید بووە، بۆیە ئامادەم بە خوێن دەنگ بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان بدەم".
گوتیشی: "جێگەی خۆشحاڵییە کە خەڵکێکی زۆر لە شاری سلێمانی بەشداری ئەم کەرنەڤاڵە مەزنەیان کردووە، دڵنیام پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە شاری سلێمانییەوە سەرکەوتو دەبێت".
باسنیوز
