کەرنەڤاڵی (بەڵی) بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە سلێمانی

کەرنەڤاڵی (بەڵی) بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە سلێمانی
ئەمڕۆ چوار شەممە ١٠⁄٩⁄٢٠١٧ لە یاریگای سلێمانی، بەئامادەبوونی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، کەرنەڤاڵی جەماوەری بۆ دەنگی (بەڵێ) بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، کە تێیدا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەشکرد.

مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەمیانەی گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد: "شاری سلێمانی ھەردەم لە پێشەوە بووە بۆ سەربەخۆیی کوردستان، بۆیە من دڵنیام ئێوەش پێشەنگ دەبن بۆ ریفراندۆمی 25/9/2017".

دوای بەدوای ئەو گوتەیەی بارزانی ھاونیشتمانیانی شاری سلێمانی بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و گوتنەوەی سروودی نیشتمانی، بەڵێنی ئەوەیان دووپات کردەوە، بەدەنگی (بەڵێ) دەنگ بەڕیفراندۆم و سەربەخۆی کوردستان دەدەن.

ھەوراز ئەکرەم، کچە خوێندکاری زانکۆی سلێمانی لە کۆلێژی ھونەر ڕایگەیاند: "وەک ھاونێشتمانییەکی شاری سلێمانی دەنگم (بەڵێ) دەبێت، بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان".

ئەو کچە خوێندکارە گوتیشی: "خۆشحاڵم بەوەی کە ھاووڵاتییانی شاری سلێمانی، بەشدار بوون لە کەرنەڤاڵی (بەڵێ) بۆ سەربەخۆی ھەرێمی کوردستان".

لەلایەکی دیکە شاخەوان عەبدوڵا، کە شۆفێری تەکسییە، کە ئەڵای کوردستانی بڵند کردبوو گوتی: "برایەکەم لە مەلا عەبدوڵا بەدەستی تیرۆریستانی داعش شەھید بووە، بۆیە ئامادەم بە خوێن دەنگ بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان بدەم".

گوتیشی: "جێگەی خۆشحاڵییە کە خەڵکێکی زۆر لە شاری سلێمانی بەشداری ئەم کەرنەڤاڵە مەزنەیان کردووە، دڵنیام پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە شاری سلێمانییەوە سەرکەوتو دەبێت".












باسنیوز
Top