ئەکادیمییەکی عەرەب: لە بری نەتەوەکەم داوای لێبووردن لە گەلی کوردستان دەکەم

 ئەکادیمییەکی عەرەب: لە بری نەتەوەکەم داوای لێبووردن لە گەلی کوردستان دەکەم
ئەکادیمی و پزیشکێکی عەرەب لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، رایگەیاندووە، کە لە بری نەتەوەی عەرەب، داوای لێبووردن لە گەلی کوردستان دەکات.

دکتۆر بیلال ئەلقەرعان، پزیشک و مامۆستای زانکۆ لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە، رایگەیاندووە، ئێستا کاتی ئەوەیە رۆشنبیر و زاناکانی عەرەب دان بەو راستییەدا بنێن، کە گەلی عەرەب ستەمێکی زۆرتان لە گەلی کوردستان کردووە.

بیلال ئەلقەرعان هەروەها رایگەیاندووە، گەلی کوردستان لەسەر خاکی خۆی دەژی و عەرەب ئەوانی لەسەر خاکی خۆی دەرکرد، ”عێراق و عەرەب کوردستانی داگیر کرد، گەلی کوردستان بە ژیان لەژێر ئەو داگیرکارییە رازی بووە، هێشتا ئێمە مافەکانی ژتیانیان پێ نادەین“.

ئەو ئەکادیمییەی عەرەب، کە بە خەڵکی ئوردنە و ئێستا لە ئەڵمانیا دەژی، بە ئاماژەکردن بەوەی لە وڵاتەکەی خۆی هیچ کێشەیەکی نییە، بەڵام داوای لە حکوومەت و گەلی کوردستان کردووە دوای سەربەخۆیی کوردستان، پاسپۆرت و رەگەزنامەی دەوڵەتی کوردستانی پێ ببەخشن ”شەرەفمەند دەبم بە بوون بە خاوەنی پاسپۆرتی کوردستان“، تاوەکو مندالەکانی خۆی و نەوەی نوێی عەرەب ”لەسەر ئەوە رابهێنم، کە هەموو گەلێک مافی سەربەخۆیی هەیە“.

بیلال ئەلقەرعان پێی وایە گەلی کوردستان مافی خۆیەتی ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام بدات و رایگەیاندووە، ئەو کاتە هەستی بەوە کردووە، کە گەلی کوردستان ستەمێکی زۆری بەدەست عەرەبەوە بینیوە، کە بیری لەو کوشتن، جینۆسایدکردن و ستەمەی گەلی کوردستان کردووە بە دەستی گەلی عەرەب.

ئەو پزیشکە عەرەبە بە ئاماژەکردن بەوەی زۆرینەی عەرەب هێرشی دەکەنە سەر، لەبەر ئەوەی بەرگریی لە مافی گەلی کودستان دەکات، رایگەیاندووە، کە لە بری گەلی عەرەبەوە داوای لێبووردن لە گەلی کوردستان دەکات، بۆ ئەو ستەمەی گەلەکەی ئەو لە کوردستانیان کردووە.

بیلال ئەلقەرعان گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی گەلی کوردستان مافی خۆیەتی خۆی بە عێراقی و و خاوەنی ناسنامەی عەرەبی نەزانێ، چونکە کوردن، عەرەب نیین و کەس ناتوانێ بە زۆر بیانکاتە عەرەب.

ئەلقەرعان سڵاو بۆ گەلی کوردستان دەنێرێت و بە گەلێکی ”ئازا، بە وەفا، دڵسۆزترین“ ناوی دەهێنێت و پـێی وایە ئێستا کاتی ئەوەیە وڵاتانی عەرەب هەڵوێستێکی مێژوویی بنوێنن و پشتگیریی خۆیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان رابگەیەنن.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ، کە خۆی بە دۆستێکی کوردستان دەزانێ و دەڵێ ”دڵم بۆ خۆشەویستیی کوردستان لێ دەدات“، داوا لە گەلی کوردستان دەکات بچنە سەر سندووقەکانی ریفراندۆم و دەنگ بە سەربەخۆیی کوردستان بدەن و دڵنیایی خۆی لەوە نیشان داوە، کە ”بەم زووانە“ دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دروست دەبێت.

بیلال ئەلقەرعان رێزگرتنی گەلی کوردستان لە ئیسرائیل بە ئاسایی دەزانێت، چونکە ”ئیسرائیل تاکە وڵاتە بە ئاشکرا پشتگیرییان دەکات“ و روو لە گەلی عەرەب دەکات و پێشنیازی ئەوە دەکات، کە ”با 22 دەوڵەتەکەی عەرەب پشتگیرییان بکات و رێز لەو مێژوو و کولتوورە هاوبەشە بگرن،، کە لەگەڵ کورد هەمانە“.

ئەلقەرعان پەیامێکیش بۆ حکوومەت و دەسەڵاتدارانی عەرەب دەنێرێت و دەڵێت، ”با وابکەین کوردستان ببێتە دۆستمان نەک دوژمن“، چونکە خەڵکی کوردستان کەسانی ”ئازا و پیاوی رۆژی تەنگانەن و هەرگیز خیانەت لە دۆستەکانیان ناکەن“.












باسنيوز
Top