نەوزاد هادی: دڵنییایمان بە هۆزە عەرەبەكان داوە كە ڕیفراندۆم هیچ مەترسییەکی بۆ سەر ئەوان نابێت
نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە 2017/9/20 ڕایگەیاند: "داوای كۆبوونەوەمان لە سەرۆك هۆزە عەرەبەكانی دەوروبەری هەولێر كرد، بۆ ئەوەی دڵنیاییان پێ بدەین، كە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، هیچ مەترسییەكی بۆ سەر ئەوان نابێت، هەروەها ئەوان جێگای ڕێز و تەقدیرن لامان و هیچ لێپێچینەوەیەكیان لەگەڵدا ناكرێت".
پێشتر دەنگۆی ئەوە بڵاو كرایەوە كە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی دەبێتە هۆی كێشە بۆ عەرەبە ئاوارەكانی هەولێر و دەوروبەری، پارێزگاری هەولێر، دەڵێت: "سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوای لێكردین، كە ئەو كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆك هۆزە عەرەبەكان ئەنجام بدەین و دڵنیاییان بكەینەوە، كە ئەوە تەنیا پروپاگەندەیە و هیچ شتێكی لەو جۆرە لە ئارادا نییە"، هەروەها ڕۆژی سێشەممە 19ی ئەیلوول لە كەرنەڤاڵەكەی سۆران بۆ ڕیفراندۆم سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش جەختی كردەوە كە بە هیچ شێوەیەك شتێكی لەو جۆرە نییە".
نەوزاد هادی، ڕوونیشی كردەوە: "نوێنەری پێكهاتە و ئایینەكانی دیكەش لە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگا بە ڕوونی پاڵپشتی لە ڕیفراندۆم دەكەن، چونكە ئەوانیش خەڵکی كوردستانن".
باسنیوز
