وەستا ڕەسووڵ: بە هیچ شێوەیەك ڕێگە بە حەشدی شەعبی نادرێت بێتە ناو كەركووكەوە
وەستا ڕەسووڵ، بەرپرسی میحوەری باشووری كەركووك و ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ڕاگەیاند: "شاندێكی عێراق لەسەر ئاستی باڵای سەربازی سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستانیان كردووە، لە سەردانەكەیاندا پرۆژەیەكیان بۆ چۆنیەتیی كۆنترۆڵكردنەوەی حەویجە پێشكەشی وەزارەت كردووە، بەڵام هێشتا وەڵامی پرۆژەكەیان نەدراوەتەوە و چاوەڕوانی فەرمانی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستانین بۆ ئەو پرۆژەیە".
بەرپرسی میحوەری باشووری كەركووك، باس لەوەش دەكات: "شاندەكەی عێراق داوایان كردووە لە ئۆپەراسیۆنەكەدا لە كەركووك و خوارووی كەركووكدا هاوكارییان بكەین، بەڵام لە كاتی ئۆپەراسیۆنەكەشدا بە هیچ شێوەیەك ڕێگە بە حەشدی شەعبی نادرێت نزیكی كەركووك بكەوێتەوە، هەروەها سوپای عێراقیش ڕێگای دیكە زۆرە لییەوە بەرەو حەویجە بڕوات و ڕێگری لە ئەوانیش دەكرێت ئەگەر بیانەوێت لە كەركووكەوە هێرش بۆ سەر حەویجە بكەن".
ئەو سەركردەیەی یەكێتی ڕوونیشی كردەوە: "لێكۆڵینەوە و تاوتوێی پرۆژەكەی عێراقیان كردووە، بۆیە ئێستا چاوەڕوانی فەرمانی بارزانین بۆ ئەوەی جارێكی دیكە شاندەكەی عێراق بانگ بكەنەوە و گفتوگۆی ورد لەسەر ئۆپەراسیۆنەكە بكەن، لەگەڵ ئەوانەشدا وەك هێزی پێشمەرگە پلان و بەرنامە و نەخشەی خۆمان هەیە، ئەو بڕیارەی داومانە ئەوە جێبەجێ دەكەین."
ساڵی 2014 و دوای داگیرکردنی لەلایەن داعشەوە، قەزای حەویجە کەلە باشووری ڕۆژئاوای کەرکووک هەڵکەوتووە لەگەڵ زۆریك لە ناوچەكانی دیكەی عێراقیان داگیر كران و هەتا ئیستا حەویجە ئازاد نەکراوەتەوە.
باسنیوز
