ئازاد تۆفیق: گۆڕان و کۆمەڵ هەڵەیەکی گەورەیان کرد

 ئازاد تۆفیق: گۆڕان و کۆمەڵ هەڵەیەکی گەورەیان کرد
ئەندامێکی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕای گەیاند، بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتیی مێژوویی دەبنەوە، بەهۆی بەشدارینەکردنیان لە هەنگاوەکان بۆ پرسی ڕیفراندۆم.



ئازاد تۆفیق، ئەندامی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی، ڕاگەیاند: ”کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی خەڵکی کوردستانە و بێگومان تەواوی ئەو کێشانە چارەسەر دەکرێن“. گوتیشی:" بەشداری نەکردنی بزووتنەوەی گۆڕان و گۆڕان و کۆمەڵیی ئیسلامیی کوردستان، پەیوندی بە ھیچ شتێکی دیکەوە نییە، تەنھا بە بیانووی ئەو دوو لایەنەوە نەبێت“.



جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەوەتا دوای کاراکردنەوەی پەرلەمان، هەوڵێکی جددی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەران دەبینرێت و ڕای گەیاند: ”دوای ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆم، پارت و لایەنە سیاسییەکان لە پەرلەمانەوە ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدەن“.



بە بڕوای ئازاد تۆفیق، دەبووایە گۆڕان و کۆمەڵ بەشدارییان لە کاراکردنەوەی پەرلەمان بکردایە، چونکە پێشتر ئەو دوو لایەنە داوای کاراکردنەوەی بێمەرجی پەرلەمانیان کردووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی هیچ مەرجێک دانەنراوە، بەشدارییان لە کاراکردنەوەکەدا نەکردووە و ”بیانووی دیکەیان هێناوەتەوە“. گوتیشی: ”بێگومان ئەمە ھەڵەیەکی گەورەیە، چونکە دواتر ڕووبەڕووی بەرپرسیاریەتیی نیشتمانی دەبنەوە“.



باسنیوز
Top