پەرلەمان و حکوومەت لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە کۆدەبنەوە

 پەرلەمان و حکوومەت لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە کۆدەبنەوە
پەرلەمانی کوردستان بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرسی مووچە و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە، لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.



نازم هەرکی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، ڕاگەیاند، کاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 20/9/2017، لێژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمانی کوردستان و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەگەڵ هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و وەزارەتی پلاندانان و لێژنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت کۆدەبنەوە.



ئەوەشی ڕوون کردەوە کە کۆبوونەوەکە بە مەبەستی گفتوگۆکردنە لەبارەی پرسی مووچە و لابردنی سیستەمی پاشەکەوتی مووچە کە پێمانوایە ئەو سیستەمە نادادپەروەرییەکی زۆری بەرامبەر بە فەرمانبەران تێدایە.



ئاماژەشی بەوە کرد کە گەڕاندنەوەی قەرزەکانی فەرمانبەران لای حکوومەتی هەرێمی کوردستان و قەرزەکانی حکوومەت لەسەر فەرمانبەران، بەشێکی گفتوگۆکانی نێوانیان دەبێت.



پێشتر بێگەرد تاڵەبانی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕای گەیاندبوو کە لە کۆبوونەوەکەی نێوان پەرلەمان و حکوومەت، هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی دارایی حکوومەت و داهات و باج و ڕسوومات و خەرجییەکانی سەر حکوومەت دەکرێ، دوای کۆبوونەوەکەش، کار بۆ ئەوە دەکرێ دانیشتنێکی پەرلەمانی کوردستان ڕێک بخرێت.








باسنيوز
Top