مەسرور بارزانی: ئیرادەی خەڵکی کوردستان پشتگیریی زیاتری وڵاتان بۆ سەربەخۆیی دەستەبەر دەکات

 مەسرور بارزانی: ئیرادەی خەڵکی کوردستان پشتگیریی زیاتری وڵاتان بۆ سەربەخۆیی دەستەبەر دەکات
راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە ئیرادەی خەڵکی کوردستان پشتگیریی زیاتری نێودەوڵەتی بۆ سەربەخۆیی کوردستان، دەستەبەر دەکات.



مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی (رێگای بەرەو سەربەخۆیی) لە کەناڵی (کوردستان 24) رایگەیاندووە، کە بارودۆخی ئێستای کوردستان گونجاوە بۆ سەربەخۆیی کوردستان، ”خەڵکی کوردستان ئامادەیی تێدایە بۆ سەربەخۆیی“.



مەسرور بارزانی ئاماژەی بە پشتیوانیی فراوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی عێراق کردووە و رایگەیاندووە، ”دژایەتیی دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان ناکرێت“.



راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دڵنیایی خۆی لەوە نیشان دا، کە ”ئەگەر“ ئیرادەی بەهێزی خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی بەردەوام بێ، زۆر وڵاتی دیکەش پشتگیریی مافی خەڵکی کوردستان و دەوڵەتی کوردستان دەکەن.



ھەروەک لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7/6/2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا، بڕیارە رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.



باسنيوز
Top