سەرۆکی هەرێم له کەرنەڤاڵی سەربەخۆیی له سۆران: زمانی ھەڕەشە لە دراوسێکان قەبووڵ ناکەین

سەرۆکی هەرێم له کەرنەڤاڵی سەربەخۆیی له سۆران: زمانی ھەڕەشە لە دراوسێکان قەبووڵ ناکەین
لە کەرنەڤاڵی سەربەخۆییی کوردستاندا لە شارۆچکەی سۆران، (سەرۆک بارزانی) رایگەیاند، ئەگەر تا دوو یان سێ ڕۆژێکی دیکە بەدیلی دروستمان بە دەست گەیشت، لە ٢٥ی ٩دا ئاھەنگ دەگێڕین، ئەگەرنا، یانی کە گەرەنتیی کۆنکرێتی نەبێ، ڕاپرسی ئەنجام دەدرێ و، ئیدی برایرمان داوە چی دی بڕوا بە بەڵێنی زارەکی نەکەین. راشیگەیاند، ھەڕەشە لە دراوسێکان قەبووڵ ناکەین.



لە سەرەتای گوتاریدا لە کەرنەڤاڵی جەماوەریی دەڤەری سۆران کە دەیانھەزار کەس تێیدا بەشدار بوون، (سەرۆک بارزانی) ئاماژەی بە رۆڵێ دەڤەرەکە کرد لە شۆڕشەکانی کوردستان و بە جەماوەری دەڤەرەکەی راگەیاند، ئێوە لە ئێستاوە ریفراندۆمی خۆتان کرد. سەرۆکی کوردستان رۆشنایی خستە سەر ئەو ریفراندۆمەی لە رۆژانی رابردوو لە پارێزگای دھۆک و ئەمڕۆیش لە کەرکووک و ئێستایش لە سۆران دەکرێ و گوتی، "ئەمە ریفراندۆمە".



لە وەسفی ناوچەکەدا سەرۆک بارزانی رایگەیاند کە دەڤەری سۆران مەڵبەندی شۆڕەشەکان بووە و سەدەھا شەھیدی قارەمانی بەخشیووەتە کوردستان، بۆیە کە جەماوەر و کەسوکاری شەھیدان کۆبوونەتەوە ئەوە خۆشترین رۆژە لە ژیاندا.

ھاوکات ڕایگەیاند، نیەتی بڕینی بودجەی ھەرێم، ئەنفالێکی دیکە بەسەر خەڵکی کوردستانیاندا ھێنا.



لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان روونی کردەوە کە بۆچی بڕیاری ریفراندۆم دراوە و ھۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ سەرجەم ئەو رێگایانەی کە گەلی کوردستان لەگەڵ عێراق تاقی کردووەتەوە لە مەرکەزییەوە تا فیدراڵی، کە ھەموو رێگەیەک شکستی بردووە چونکە ئەوان باوەڕیان بە فیدراڵییەت و پێکەوەژیان و شەراکەت نییە.



سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بە گشت رێگەچارەیەک کرد کە لە رابردوودا لەگەڵ کاربەدەستانی عێراق گیراوەتەبەر لە پێناو چارەکردنی کێشەکاندا، ھەتا بیری ھەموو لایەکی ھێنایەوە لە ساڵی ٢٠١٥یش لەگەڵ سەرۆکی ئەوکاتی ئەمەریکا ئۆباما باسی کردووە، ھەروەھا پارساڵیش بە وەفدێک سەردانی بەغدایان کردووە و لەوێشیدا پێیان گوتوون کە ئیدی شەراکەت شکستی بردووە و با ببین بە دوو دراوسێی باش، ئەوکات زۆر نەرمبوون و ھەتا یەکێکیان گوتی با بەخۆشی لە یەکدی جوودا ببینەوە.



سەرۆکی کوردستان، جەختی کردەوە کە بۆیە بڕیاری ریفراندۆم درا چونکە دەستوور پێشێلکرا و بودجەی پێشمەرگە نەدرا و بە دەساڵ ھیچیان بۆ پێشمەرگە نەکرد کەچی بە دوو سەعات یاسای حەشدی شەعبیان لە پەرلەماندا تێپەڕاند، بودجەی خەڵکی کودستانیان بڕی کە ئەم نیەتە وەک ئەنفاڵێکی دیکە بوو بەسەر خەڵکی کوردستانیان ھێنا.



سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەروەھا گوتی، ئەوان ئێستا بە ئێمە دەڵێن دەبێ بگەڕێنەوە ھێڵی سەوز، سەیرە، ئەوانە دەیانەوێ بە ھاوەن لە ھەولێر و شارەکانمان بدەن. ئێمە ئامادە نین سنووری ھێڵی سەوز بکەین، چونکە نە سنووری کوردستانە و نە ھیی کوردستانیش دەبێ.



لەبارەی ھەڵوێستی نێودەوڵەتییشەوە رایگەیاند، لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتانی دنیا باسی پرسی سەربەخۆییمان کردووە، کەچی بەم دواییە گۆران بەسەر ھەڵوێستایندا ھاتووە، کە بۆم سەیرە، جاران کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پرسی کورد و تێکدانی شەراکەتیان بە ھەند نەدەگرت و بڕوایان بەوە نەبوو، گەلی کوردستان دەتوانێ ڕاپرسی ساز بدا، بەڵام یەکێک لە دەستکەوتەکانی راپرسی، دەرکەوت بۆ ھەموو جیھان بڕیاری گەلی کوردستان ە و ھیی تاکەکەس نییە، پەرلەمان کارا کرایەوە و کوردستانیان سوورن لەسەر بڕیاری خۆیان.



(سەرۆک بارزانی) جەختی کردەوە، ڕاپرسی ناکەین بۆ ئەوەی بڵێن ڕاپرسی دەکەن، ڕاپرسی بۆ ئەوەیە بە جیھان بڵێین سەربەخۆییامان دەوێ.

دووپاتیشی کردەوە کە ئەگەر بەدیلی ڕاپرسی نەبێ و جێی ئەو پرسە بگرێتەوە مەحاڵە دوابخرێ.



ھەر لەبارەی داواکاریی وڵاتان بۆ دواخستنی ڕاپرسی، (سەرۆک بارزانی) رایگەیاند، ئەگەر تا دوو یان سێ ڕۆژێکی دیکە بەدیلی دروستمان بە دەست گەیشت، لە ٢٥ی ٩دا ئاھەنگ دەگێڕین، ئەگەرنا، یانی کە گەرەنتیی کۆنکرێتی نەبێ، ڕاپرسی ئەنجام دەدرێ و، ئیدی برایرمان داوە چی دی بروا بە بەڵێنی زارەکی نەکەین، ئێمە سەربەخۆییمان دەوێ.

گوتیشی، من ئێستا ھەست بەوە دەکەم کە لە دوای ٢٠٠٣وە چووینەوە بەغدا ھەڵەمان کرد، ئێمە بە نیازی پاک چووینەوە بەغدا، بەڵام بەوەیان نەزانی، ئەوان شەراکەتیان قەبووڵ نەکرد و ئێمەش خزمەتکاریی کەس ناکەین.

ھەڵەی دووەمیش ئەوەیە کە بودجەی ەھرێمیان بڕی دەبوو ڕاپرسی بکەین، ھەڵبەتە ئەمە نیمچە ھەڵەیەک بوو و شەڕی داعشیش بەسەردا ھات.



لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا (سەرۆک بارزانی) دووپاتی کردەوە، داوا لە دراوسێکان دەکەین بە زمانی ھەڕەشە قسەمان لەگەڵدا نەکەن، چونکە زمانی ھەڕەشە لە کەس قەبووڵ ناکەین. راپرسی گوزارشتە لە ڕای خەڵک، پاش ئەوە وەرن گفتوگۆ دەکەین و دراوسێیەتی باش و ھەماھەنگی و پێوەندی باش دەخەینە بەر باسەوە، بەڵام ئینکاری مافی گەلی کوردستان قەبووڵ ناکەین.



حەفتەی دابێ، کوردستانیان دەچنە سەرسندووقەکانی دەنگدان و چارەنووسی خۆیان دیاری دەکەن، کە بەڵێیە بۆ سەربەخۆییی کوردستان، (سەرۆک بارزانی) لە گوتارەکانی پێشووتری دا رایگەیاند کە ئیدی کاتی سەربەخۆییی کوردستانە و تا ئێستایش کۆمەڵگەی دەولی ئەو بریتەی پێشکەش بە ھەرێمی کوردستان نەکردووە کە گەرەنتیی نووسراو و پێویستی تێدابێ، بۆیە رێفراندۆم ئەنجام دەدرێت.
payamner -
Top