هەر 30 خولەک جارێک جووڵەیەک بکە

هەر 30 خولەک جارێک جووڵەیەک بکە
توێژینەوەیەکی نوێی ئەمریکی دەڵێ ئەگەر لەکاتی دانیشتندا هەر 30 خولەک جارێک دەست بە جموجوڵێکی کورت بکەی، لە بەشێکی زۆر لەو نەخۆشییانە رزگارت دەبێ کە بەهۆی زۆر دانیشتنەوە تووشت دێن.

توێژەرەکان لە نێوەندی پزیشکیی زانکۆی کۆڵۆمبیای ئەمریکا ئەنجامی توێژینەوەکەیان لە جۆرناڵی زانستی"annals of internal medicine" بڵاوکردووەتەوە.

بۆ گەیشتن بە ئەنجامەکان، توێژەرەکان بۆ ماوەى چوار ساڵ بەدواداچوونیان بۆ باری تەندروستیى 8000 کەس کردووە کە تەمەنیان لەسەرووی 45 ساڵان بووە.

بۆ چاودێریی چالاکیشیان ئامێرێکی ئەلیکترۆنیی پێوانی جووڵەیان لە قاچی بەشداران دەبەست کە تۆماری دەکرد کەسەکە چەند دانیشتووە و چەندیش جوڵاوە.

بە تێکڕا بەشدارەکان لە شەو و رۆژێکدا 16 کاژێر بەخەبەر بوون و لەو ماوەیە 12.3 کاژێریان بە دانیشتنەوە بەسەر بردووە.

توێژینەوەکە دەریخست ئەگەر رۆژانە ماوەی دانیشتن بۆ ماوەی تەنیا 21 خولەک کەمبکرێتەوە، ئەوە رۆڵێکی کارا دەگێڕێت لە پاراستنی تەندروستیی ئەو کەسە.

لەماوەی توێژینەوەکەدا 340 کەس لە بەشداران مردن. دەریشکەوت زۆر دانیشتن رۆڵێکی دیارى هەبووە لە مردنیان، بە تایبەت مردن بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە و قەڵەوی.

ئەوەی جێى سەرنجی توێژەرەکان بوو، ئەو کەسانەی نۆرە دانیشتنەکانیان لە 30 خولەک کەمتر بوو، رێژەی مردنیان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکرد.

توێژەرەکان دەڵێن هەندێک رێوشوێنی سادە هەن بۆ کەمکردنەوەی ماوەی زۆری دانیشتن، بۆ نموونە بە رۆیشتنەوە تەلەفۆن بکە و قادرمە بەکاربهێنە نەک ئاسانسۆر.

پێشووتریش توێژینەوەیەکی زانستی کە لە 54 وڵات کرابوو، دەریخستبوو دانیشتن بۆ ماوەی زۆر، رێگا خۆشدەکات بۆ تووشبوون بە قەڵەوی و نەخۆشییەکانی دڵ کە دەبنە هۆی زوو مردن.
rudaw -
Top