دیاری حوسێن: ئاستەنگەکانی بەغدا کاریگەرییان لەسەر ڕیفڕاندۆمی کەرکووک نابێت

 	 دیاری حوسێن: ئاستەنگەکانی بەغدا کاریگەرییان لەسەر ڕیفڕاندۆمی کەرکووک نابێت
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە پارێزگای کەرکووک- گەرمیان ئاشکرای کرد، بانگەشەی ڕیفڕاندۆم لە کەرکووک بە گەرمی بەڕێوە دەچێت و دڵنیاشین، دەنگی بەڵێ زۆر زیاتر دەبێت لە سنووری کەرکووک و دەشڵێت، بەغدا دەیەوێت کۆسپ بخاتە بەردەم پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم لە کەرکووک، بەڵام گوێ بە ھەڕەشەکان نادەین و خەڵکی کەرکووک ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوول بڕیاری خۆیان دەدەن.

(دیاری حوسێن)، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەو ساردییەی پێشتر لە بانگەشەی ڕیفڕاندۆمدا لە سنووری کەرکووک ھەبوو، نەماوە و ئێستا لە کەرکووک بە گەرمی بانگەشە بۆ ڕیفڕاندۆم دەستی پێ کردووە و ھەموو ھەوڵێکیش دەدەین بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی بێت. ئێمە لە کەرکووک کاری خۆمان کردووە و دڵنیاین لەوەی زۆرینەی خەڵکی کەرکووک ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوول دەچێتە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بە بەڵێ دەنگ بۆ سەربەخۆییی ھەرێمی کوردستان دەدەن، ئامۆژگارییەکانی (سەرۆک بارزانی) لەبەرچاو گیراون بۆ ئەوەی ھیچ کێشەیەک دروست نەکرێت و لەگەل پێکھاتەکان ھەوڵ دەدەین پڕۆسەکە لە کەشێکی ئارامدا بەڕێوە بچێت.''

حکوومەتی بەغدا و بەشێک لە ھێزە شۆڤێنیەکانی عێراق لە چەند ڕێگەیەکەوە دەیانەوێت پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم لە کەرکووک پەک بخەن و ماوەیەکە ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو خەڵکی سنووری ماددەی ١٤٠دا بڵاو دەکەنەوە، لایەنە کوردستانییەکانیش ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە، کە کەرکووک بەشێکی دانەبڕاوی خاکی کوردستانە و چارەنووسی گرێ دراوە بە چارەنووسی ھەرێمی کوردستانەوە.

دەربارەی بەشداریی پێکھاتەکانی دیکەی کەرکووک، بەرپرسەکەی پارتی گوتی: ''جگە لە کورد نەتەوەکانی دیکەش بەشێکی زۆریان لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆمن لە کەرکووک و بەشداریش دەکەن، سەرەڕای ھەڕەشەکانی بەغدا لە خەڵکی کەرکووک زۆرینەیان لەگەل ڕیفڕاندۆمن. بەداخەوە ماوەیەکە لە ڕێگەی دەزگەی ڕاگەیاندنەکانەوە لێرەولەوێ ترس لە نێو خەڵکی کەرکووکدا بڵاو دەکرێتەوە و ھەڕەشەیان لێ دەکرێت، بەڵام بە پاڵپشتیی ھێزە ئەمنییەکان و ھێزی پێشمەرگە کەرکووک پارێزراو دەبێت و پاراستنی کەرکووک لە ئەستۆ دەگرین.''

لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا چەند ڕووداوێک لە شاری کەرکووک ڕوویان دا و لەمبارەیەوە (دیاری حوسێن) ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''ڕووداوی شەوی ڕابردوو و شەھیدکردنی پێشمەرگەیەک ئاماژەیە بۆ ئەوەی دەستێک ھەیە بۆ تێکدانی ڕەوشی کەرکووک، بەڵام ڕووداوەکان ھیچ کێشەیەکی ئەوتۆیان لەسەر بەڕێوەچوونی ڕیفڕاندۆم نابێت و ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوول خەڵکی کەرکووک لەگەڵ خەڵکی کوردستان بڕیاری خۆیان دەدەن و گوێ بە دروستکردنی کۆسپەکانی بەردەم پڕۆسەکە نادەن.''

kdp -
Top