''لە سنووری نەینەوادا کۆمسیۆن ئامادەکارییەکانی بۆ رێفراندۆم تەواو کرد''

''لە سنووری نەینەوادا کۆمسیۆن ئامادەکارییەکانی بۆ رێفراندۆم تەواو کرد''
ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم لە سنووری نەینەوا کۆتایی ھاتووە و سەرۆکی فەرمانگەی نەینەوای کۆمسیۆنیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ژمارەیەکی بەرچاو چاودێر و دەزگەی ڕاگەیاندن بۆ چاودێریکردنی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم خۆیان تۆمار کردووە.

(سەعید جردۆ)، سەرۆکی فەرمانگەی نەینەوای کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیان: ''لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا فەرمانگەی نەینەوای کۆمسیۆن ھەموو ئامادەکارییەکی دەست پێ کرد بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم لە دەوروبەری نەینەوا و، ئێستا ھەموو کاروبارەکان کۆتایییان ھاتووە و سبەی ڕاھێنانی کارمەندانی سەر سندووقی دەنگدانیش کۆتایی دێت و ئامادەین بۆ ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوول و بەڕێوەبردنی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆییی ھەرێمی کوردستان. لە لایەکی دیکەشەوە چەندین کەناڵی ڕاگەیاندن و چاودێری کۆمەڵگەی مەدەنیش خۆیان تۆمار کردووە بۆ چاودێریکردنی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم، چونکە سنوورکەمان دەکەوێتە سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق و زیاتر چاوی جیھانی لەسەرە.''

دوای بڕیاری ھێز و لایەنە کوردستانییەکان بۆ ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم، زۆرینەی یەکە ئیدارییەکانی سنووری دەوروبەری پارێزگای نەینەوا، بڕیاریان دا، لە ڕیفڕاندۆمدا بەشداری بکەن و دواتر کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم، دوو فەرمانگەی بۆ نەینەوا و کەرکووک دامەزراند.

دەربارەی ئەو ناوچانەی حەشدی شەعبییان تێدایە، (سەعید جردۆ) ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''ھەموو سنووری ژێر دەسەڵاتی ھێزی پێشمەرگە سندووقی دەنگدانی لێ دەکرێتەوە و خەڵک لە ڕیفڕاندۆمدا بەشداری دەکەن، بەڵام ھەندێ ناوچە دەکەونە ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبییەوە، ئەوانە بنکەی دەنگدانیان نابێت، چونکە مەترسی ھەیە کێشە بۆ خەڵکی دەنگدەر دروست بکرێت و ئەگەر مەترسی نەبێت، ئامادەین سندووقی دەنگدان ببەینە ھەموو شوێنێک.''

kdp -
Top