نەجمەدین کەریم: کەرکووکییەکان بڕیاری بەڵێ دەدەن..ئامادەکاریی تەواو کراوە
(نەجمەدین کەریم)، پارێزگاری کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند: ''کەرکووک شاری پێکەوەژیانە و دەستمان لە ناو دەستی یەکە بۆ ئەوەی ڕۆژی ٢٥\٩ هەموومان بچین بۆ سەر سندووقی دەنگدان و بە بەڵێ دەنگ بدەین بۆ سەربەخۆییی کوردستان، چونکە کات لە بەرژەوەندیی کوردستان نابێت، ئەگەر ئێستا بڕیاری خۆی نەدات. هەموومان چارەنووسێکی هاوبەشمان هەیە لە چوارچێوەی کوردستاندا و دەبێ لە داهاتووشدا ئەو چارەنووسەمان بە یەکەوە بێت و بە یەکەوە بەرپرسیارەتی هەڵبگرین.''
پارێزگاری کەرکووک دووپاتی کردەوە: ''خەڵکی کەرکووک ڕۆژی ڕیفراندۆم قسەی خۆی دەکات، چونکە دەنگی خەڵکی ئەم شارە بەڵێیە بۆ سەربەخۆییی کوردستان، لە ئێستاشەوە ئامادەکاریی تەواو کراوە بۆ ڕۆژی ڕیفراندۆم و سەرجەم دامەزراوەکانی شارەکە پێشوەختە کۆبوونەوەیان کردووە و ئامادەییان کردووە بۆ ئەو ڕۆژە و بە خۆشحاڵیشەوە، لقی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە کەرکووک کراوەتەوە و ئەوەش مایەی دڵخۆشییە بۆ شارەکە، کە لەوێوە کارەکان ڕاپەڕێنرێت.''
(د. نەجمەدین کەریم) باوەڕی وایە: ''بەغدا وەک تۆڵەیەکی سیاسی بڕیاری داوە بە لادانم، من سوپاسی سەرجەم حزب و لایەنەکان و ئەنجومەنی پارێزگاش دەکەم، کە بڕیارەکەیان ڕەت کردەوە، خۆیشم لەگەڵ بەڕێز (بارزانی) قسەم کردووە، ئەویش لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە قسەی خۆیان کردووە، کە ئەم بەدەنگەوەهاتنە دڵخۆشییە.''
kdp -
