نێچیرڤان بارزانى پیرۆزبایى له‌ خانمى پێشمه‌رگه‌ كۆچه‌ر ساڵح حاجى ده‌كات

نێچیرڤان بارزانى پیرۆزبایى له‌ خانمى پێشمه‌رگه‌ كۆچه‌ر ساڵح حاجى ده‌كات
به‌بۆنه‌ى خه‌ڵاتكردنى پێشمه‌رگه‌ى زێره‌ڤانى خاتوو كۆچه‌ر ساڵح حاجییه‌وه‌ كه‌ وه‌ك قاره‌مانێكى هه‌ڵمه‌تى جیهانیى دژ به‌ هزرى تونڕه‌وى و نالێبورده‌یى له‌لایه‌ن یوونسکۆ و هاوپه‌یمانیى جیهانیى هیواوه‌وه له‌ ڕێوڕه‌سمێكدا له‌ نیوویۆرك خه‌ڵات كرا، (نێچیرڤان بارزانى) سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، په‌یامێكى پیرۆزبایى ئاراسته‌ كرد، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تى:

بۆ خانمى پێشمه‌رگه‌ كۆچه‌ر ساڵح حاجى،
سڵاو و ڕێز..

ڕێزلێنان و خه‌ڵاتكردنتان وه‌ك قاره‌مانێكى هه‌ڵمه‌تى جیهانیى دژ به‌ هزرى تونڕه‌وى و نالێبورده‌یى له‌لایه‌ن یوونسکۆ و هاوپه‌یمانیى جیهانیى هیواوه‌وه‌، مایه‌ى خۆشحاڵى و شانازییه‌. به‌ گه‌رمى پیرۆزباییتان لێ ده‌كه‌م، له‌ ڕێگه‌ى ئێوه‌شه‌وه‌ پیرۆزبایى له‌ هاوسه‌نگه‌رانتان له‌ كچانى دیكه‌ى پێشمه‌رگه‌ و هه‌موو ئه‌و دایك و خوشكانه‌ى كوردستان ده‌كه‌م كه‌ له‌ خه‌بات و تێكۆشانى گه‌لى كوردستاندا ڕه‌نجیان كێشاوه‌ و قوربانییان داوه‌.
ئێوه‌ به‌ خه‌بات و تێكۆشانتان وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌كى قاره‌مان كه‌ به‌شداریتان له‌ شه‌ڕى دژى داعشدا كردووه‌ و به‌رگریتان له خاك و گه‌ل و كولتوورى خه‌ڵكى كوردستان له‌ پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یى كردووه‌، بوونه‌ته‌ نموونه‌یه‌كى شانازى بۆ ئافره‌تانى كوردستان و هه‌موو ئه‌و دایك و خوشكانه‌مان كه‌ باوك و برا و كوڕ و مێرده‌كانیان له‌پێناو ئازادیى كوردستان و به‌ها مرۆییه‌كاندا بوونه‌ قوربانى.

ئه‌و خه‌ڵاته‌ى له‌ پێگه‌یه‌كى جیهانیدا و به‌ ئاماده‌بوونى ژماره‌یه‌كى دیارى كه‌سایه‌تیى جیهانى، به‌ خۆتان و خه‌بات و پێشمه‌رگایه‌تیتان به‌خشرا، خه‌ڵات و ڕێزگرتن و پێزانینێكه‌ بۆ ئازایه‌تیى هه‌موو ئه‌و دایك و خوشكه‌ ئازیزانه‌ى كورستان كه‌ له‌ هه‌ر بوارێكدا بۆ ئازادى و به‌ده‌ستهێنانى مافه‌كانیان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى توندوتیژى و تیرۆر و بۆ به‌ها مرۆییه‌كان تێده‌كۆشن و هه‌موومان شانازى پێوه‌ ده‌كه‌ین.
دووباره‌ پیرۆزباییتان لێ ده‌كه‌م و هیواى سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم.

نێچیرڤان بارزانى
سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
19/9/2017

kdp_
Top