بەرپرسێکی یەکێتی: یەکێتی بۆ بانگەشەی ڕیفراندۆم هەموو ئۆرگانەکانی خۆی ڕاسپاردووە
ڕێباز بێركۆتی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، بە (كوردستان 24)ی ڕاگەیاند: "لە ڕۆژی دووشەممە 18/9/2017وە كۆسرەت ڕەسووڵ، جێگری یەکەمی سکرتێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، برووسكەی بۆ ئۆرگانەكانی یەكێتی كردووە لە كەركووك، سلێمانی، هەولێر و ناوچەكانی دیكە بۆ دەستپێكردنی بانگەش بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان".
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی باس لەوەش دەكات، كە ئۆرگانەكانی یەكێتی لەگەڵ ئۆرگانی حزب و لایەنە سیاسییەكان و كەمە نەتەوایەتییەكان هەماهەنگ دەبن بۆ هاندانی لایەنگران و خەڵكی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی لە 25ی ئەیلوولدا بە (بەڵێ) دەنگ بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بدەن.
ئەو بەرپرسە لەسەر بڕیارەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگای هەوڵێر، دەڵێت: "هەرچەندە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ هەموو فراكسیۆنەكان ئاگادار كرابوونەوە بەشداری كۆبوونەوەكە بكەن، بەڵام فراكسیۆنی گۆران و كۆمەڵ بەشدارییان نەكرد، هەرچەندە ئەمە پرسێكی حزبی نییە و پرسێكی نەتەوەی و نیشتمانییە بۆیە پێم وایە ئەگەر حزبیش هانی خەڵك بۆ بەشداری نەكردن بدات، خەڵك هەر بەشداری دەنگدان دەكات و دەنگ بە (بەڵێ) بۆ ڕیفرانۆدمی سەربەخۆیی دەدات"، ڕوونیشی كردەوە، بەم نزیكانە سەردانێك لە ئاستی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی پارێزگا سەردانی پەرلەمانی كوردستان دەكەن، هەروەها تەنسیقیان لەگەڵ دەكەن".
باسنيوز
