پەرلەمانتارێکی پارتەکەی ئەردۆغان: تورکمانەکان لە کوردستانی سەربەخۆدا باشتر دەژین
غالب ئەنساریئۆغڵو، پەرلەمانتاری کوردی شاری دیاربەکری ئاکەپە، کە رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆکایەتی دەکات، لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەی (خەبەرتورک) رایگەیاندووە، سیاسەتی خراپی بەغدا و پێشێلکردنی رێککەوتنەکان، گەلی کوردستانی کرد بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بدات.
غالب ئەنساریئۆغڵو هەروەها رایگەیاندووە، نابێ تورکیا دژایەتیی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بکات، چونکە کوردستانی سەربەخۆ رێگریی لە هەژموونی شیعەگەرێتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات و لە بەرژەوەندیی تورکیایە.
ئەو پەرلەمانتارەی ئاکەپە رەخنە لە هەڵوێستی بەرپرسانی تورکیا دژی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی عێراق دەگرێت و بە سەرسووڕمانەوە دەپرسێت، ”ئەو بارزانییەی گوێ بە داوای ئەمریکا بۆ دواخستنی ریفراندۆم نادات، لە ئێمە دەترسێ؟“.
غالب ئەنساریئۆغڵو ئاماژەی بەوەش کردووە، کە تورکمانەکانی کەرکووک لەژێر سایەی کوردستانی سەربەخۆ باشتر دەژین وەک لەوەی لە عێراق و لەژێر دەسەڵاتی عەرەبدا بژین و پێی وایە حکوومەتی عێراق جگە لە گەلی کورد، ”تورکمانەکانیشی پشتگوێ خستووە“.
هەروەک ئەنساریئۆغڵو رایگەیاندووە، ئەگەر تورکیا بە فەرمی دژایەتیی خۆی بۆ ریفراندۆمەکە رابگەیەنێت، ئەوا کوردانی باکووری کوردستان زیاتر لە دەوڵەتی تورکیا دوور دەکەونەوە.
ھەروەک لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7/6/2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا، بڕیارە رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.
باسنیوز
