پەرلەمانتارێکی پێشووی یەکێتی: تەنیا ئەوە ماوە ئاڵا تاڵەبانی بچێتە فراکسیۆنی عەرەبە شیعەکانەوە و ئێستا ئاڵا تاڵەبانی لەسەر هیچ هێڵێکی بەرژەوەندیی کوردستاندا نییە”
پاش ئەوەی ئاڵا تاڵەبانی، لە دەرەوەی کۆدەنگیی پەرلەمانتارانی کورد لە پەرلەمانی عێراق، گەڕایەوە هۆڵی دانیشتنەکانی پەرلەمان و بەشداری لە کۆبوونەوەکاندا کرد. ئەمڕۆ سێشەممە 19/9/2017، فاروق کەریم فەتاح، پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕاگەیاند: “کاتی خۆی ئاڵا تاڵەبانی زۆر گەورە کرا، جا لە مێژوودا وایە، هەر کەسێک لەخۆیەوە گەورە کرا، دواتر هەنگاوێک دەنێت یان پێیەکی دەشکێت، یان دەکەوێت”.
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی یەکێتی پێیوایە کە ئاڵا تاڵەبانی بە هۆشیارییەوە مامەڵە ناکات و دەڵێت: “ئەگەر هۆشیار بووایە لەوەی لە دەوروبەری دەگوزەرێت، ئەوە لە سەرۆکایەتیکردنی فراکسیۆنی یەکێتی لایان نەدەدا، ئێستاش یەکێتی زۆر لێی نیگەرانە، چونکە ئەو هەموو شتە دەکات، لە کاتێکدا ناکرێت حیساب بۆ سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی نەکات".
فاروق کەریم فەتاح جەختی لەوە کردەوە: “یەکێتی نازانێت لەوە زیاتر چ ڕێوشوێنێک بەرامبەر ئاڵا تاڵەبانی بگرێتە بەر، تەنیا ئەوە ماوە دەری بکات و بچێتە ناو فراکسیۆنی عەرەبە شیعەکانەوە، ئێ خۆ کار نەگەیشتووەتە ئەوە، بەڵام ئێستا ئاڵا تاڵەبانی لەسەر هیچ هێڵێکی بەرژەوەندیی کوردستاندا نییە”.
باسنیوز
