حەیدەر شەشۆ: زۆرینەی رەھای شنگالییەکان دەنگ بە سەربەخۆیی کوردستان دەدەن

 حەیدەر شەشۆ: زۆرینەی رەھای شنگالییەکان دەنگ بە سەربەخۆیی کوردستان دەدەن
سەرۆکی پارتی ئێزیدخان لە لێداونێکی تایبەتدا بە (باس)ی رای دەگەیەنێ کە حزبەکەیان بەفەرمی پشتیوانی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەکات و کوردستان بە وڵاتی خۆیان دەزانن، لەگەڵ ئەوەشدا دەمانەوێ مافەکانی ئێمە ھاوشێوەی پێکھاتەکانی دیکەی ئایینی و نەتەوەیی و مەزھەبیپارێزراو بن.



حەیدەر شەشۆ سەرۆکی پارتی دیموکراتی ئێزیدخان روونی دەکاتەوە: ئێمەش دەمانەوێ لە پەرلەمانی کوردستاندا کۆتای خۆمان ھەبێت. کاتێک ریفراندۆم بە ئاکام دەگات، بێ گومان رێژەی ئێزدی لە کوردستاندا گەلێک زیاد دەبێت، خۆ ئەگەر رێژەکە بگاتە ١٠%ش، ئێمە ھەر داوای کۆتای خۆمان دەکەین لە پەرلەمان و حکوومەتی کوردستان و ئیدارەی کوردستاندا."



شەشۆ ھەروەھا گوتی: "ئێمە چەندین داخوازیی دیکەشمان ھەیە، لەوانە ھێزی پاراستنی دەڤەرەکانی ئێزدیان ھەموو سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بن و بە ناوی ھێزی ئێزدیخانێ، کە لە باشیکەوە تا دەگاتە شنگال ئەرکی پاراستنی دەڤەرەکانی ئێزدی بگرێتە ئەستۆ."



شەشۆ ئەوەشی خستە روو: "دەمانەوێ خۆمان ئیدارەی خۆمان دەستنیشان بکەین و نوێنەرانی خۆمان دیاری بکەین، سەرباری راگەیاندنی پارێزگای شنگال و دەشتی نەینەوا، پەیکەری ئیداریی ھەردوو پارێزگاکەش سەر بە دەوڵەتی کوردستان بن. خۆ ئەگەر ئەم خواستانەی ئێمە بەجێش نەگەیەندرێن، ئێمە ھەر لەگەڵ کوردستان دەبین، بەڵام داوا دەکەین دوای کۆتاییھاتنی پرۆسەی ریفراندۆم کار بۆ بەدیھێنانی داخوازییەکانی ئێمەش بکرێت."



سەرۆکی پارتی دیموکراتی ئێزدیخان روونی دەکاتەوە: "بەپێی بەرنامەیەکی چڕ و پڕ، کادیر و لایەنگرانی ئێمە بەخۆ کەوتوون بۆ سەردان و ھاندانی خەڵکی شنگال بە ئامانجی سەرخستنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان تا ھەموو خەڵکی ئێمە لە شنگال لە ریفراندۆمدا دەنگ بە (بەڵێ) بدەن. ئێمە دەمانەوێ ھەموو ئێزدییەک پشتیوان بێت بۆ سەرخستنی ریفراندۆم چونکە کوردستان وڵاتی ئێمەیە، دەوڵەتی کوردستانیش خەونی ھەموو میللەتی کوردە."



حەیدەر شەشۆ ئاشکرای دەکات: "ململانێی سیاسی ھێندە کاریگەریی خراپی لەسەر رێژەی دەنگدان ناکات، سەرەڕای گوشار و پلانی سیاسیی دژ بە خەڵکی شنگال تا دەنگی (بەڵێ) نەدەن، بەڵام بە بڕوای من دەنگی (بەڵێ) لە شنگال بەرز دەبێت، ئەگەر نەڵێم ٨٠% دەبێت، ئەوا بە لای کەمەوە ٦٠%ی خەڵکی شنگال دەنگی (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەدەن. لەگەڵ ئەوەی گوشار و پلانی سیاسیی دژ بە ریفرندۆم لەسەر خەڵکی شنگال ھەیە، بەڵام ریفراندۆم لە شنگال سەرکەوتن بەدەست دەھێنێت، چونکە خەڵکی شنگال باش دەزانن نەک ھەر چارەنووسیان لەگەڵ کوردستاندایە، لایەنانی دیکەش کە لە شنگالن بۆ خزمەتی خەڵکی شنگال نەھاتوونەتە دەڤەرەکە. بەشی ھەرە زۆری خەڵکی شنگال پشتیوانی ریفراندۆمن و دەیانەوێ شنگال سەر بە کوردستان بێت."



ئەو گوتیشی: "بارودۆخی شنگال ١٠٠% خۆش نییە، بەڵام من پێم وایە بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان خەڵکی شنگال گوێ بە بارودۆخی ناخۆشی شنگال نادەن، ھەموو بۆ سەربەخۆیی کوردستان بەرەو سندووقەکانی دەنگدان دەچن، چونکە بە راستی ئەوە خەونی ھەموو کوردپەروەر و دڵسۆزانی ئێمەیە. ھەر کەسێک سەربردەیەکی ھەبێت و رابردووی ژیانی لە عیراقدا دیبێت، ئەوا لە ریفراندۆمدا بە (بەڵێ) دەنگ دەدات."



سەرۆکی پارتی دیموکراتی ئێزیدخان ئەوەشی بە (باس) راگەیاند: "رەوشی شنگال وەک ھەندێک دەڵێن ھێندە مەترسیدار نییە، بەڵکوو تا رادەیەک باشە، بە تایبەتی ئەو دەڤەرانەی لەژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگەی کوردستاندان، خەڵک دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. ئەو دەڤەرانەی لەبن کۆنترۆڵی حەشدی شەعبیدان، ئەوا خەڵک ناتوانن بگەڕێنەوە. ھەروەھا خانەسۆر لەبن کۆنترۆڵی (پەکەکە)دایە و خەڵک ١٠٠% ناتوانن بگەڕێنەوە. رێژەی ٨٠%ی ئەو ئێزدیانەی گەڕاونەتەوە، ئەوا بۆ ئەو دەڤەرانەیە کە لەبن کۆنترۆڵی پێشمەرگەی کوردستاندان."










باسنیوز
Top