کۆسرەت ڕەسول عەلی: هیچ حیسابێک بۆ بڕیارەکەی بەغدا دژی نەجمەدین کەریم ناکەین

 کۆسرەت ڕەسول عەلی: هیچ حیسابێک بۆ بڕیارەکەی بەغدا دژی نەجمەدین کەریم ناکەین
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانی کەرنەڤاڵی پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان لە کەرکووک ڕای گەیاند، هیچ حیسابێک بۆ بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق لە دژی پارێزگاری کەرکووک ناکەن.



لە کەرنەڤاڵەکەی کەرکووکدا کە بۆ پشتیوانیکردن لە سەربەخۆیی کوردستان ڕێکخراوە، نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک ڕای گەیاند، رۆژی ٢٥ی ئەم مانگە، ڕۆژی چارەنووسی خەڵکی کوردستانە، ڕۆژی بەرەوپێشچوونە بۆ ڕیفراندۆم، تا جارێکیتر بۆ هەموو دونیای بسەلمێنین کە ئەم خاکە خاکی کوردستانە.



جەختیشی لەوە کردەوە: ”ئەمڕۆ هەموو لێرەین لە سایەی پێشمەرگە قارەمانەکانمان. لە سایەی ئەو شەهیدانەی کە خوێنی خۆیان بەخشیوە بۆ ئەوەی کورد و عەرەب و تورکمان و کلد و ئاشووری بتوانن لەم شارەدا بە خۆشی بژین“.



هەر لە کەرنەڤاڵەکەدا کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕای گەیاند: ”کەرکووک شاری برایەتی و تەباییە، شاری پێکەوەژیانی کورد و عەرەب و تورکمان و ئاشووری و کلدانە کە بەبێ جیاوازی پارێزراون و دەیانپارێزین“.



ئەوەشی ڕوون کردەوە کە داوایان لە خەڵکی کوردستان کردووە، بە بەشداریکردن لە ڕیفراندۆم، چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن. گوتیشی: ”لەم ڕۆژانەدا بەغدا بڕیارێکی لە دژی نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک دەرکرد، ئێمە هیچ حبیساب بۆ بڕیارەکەی بەغدا ناکەین“




باسنیوز
Top