باڵێکی گۆڕان کار بۆ ھەڵوەشاندنەوەی یەکجاریی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ یەکێتی دەکات
سەرچاوەیەکی ئاگەدار لە بزووتنەوەی گۆڕانیش، لەناو گۆڕاندا جیاوازیی زۆر دروست بووە لەسەر بڕیاری جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان لەسەر پرسی نەگەڕانەوەی فراکسیۆنی گۆڕان بۆ ناو پەرلەمان و دەنگنەدانی بە بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە رۆژی ٢٥-٩، بەشێوەیەک لەناو مەکۆکاندا ھەندێ لە ھەڵسوڕاوان پێیان وایە گۆڕان بەو ھەڵوێستەی لە دژی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان خۆی پەراوێز دەخات و ئەوانیش دەخاتە دۆخێکەوە کە لە دژی مافێکی رەوای خەڵکی کوردستان وەستاونەتەوە، چونکە ئەو ھەڵسوڕاوانە گوتوویانە تا پەرلەمان کارا نەکراوەتەوە پێیان وابووە کە ریفراندۆم دوا دەخرێت و ئاساییە گۆڕان دەنگی لەپاڵ سەربەخۆیی کوردستاندا نەبێت، بەڵام ئێستا کە ئەنجامدانی ئەو پڕۆسەیە گەیشتووەتە خاڵی کۆتایی، دەبوو گۆڕان پشتیوانیی لە دەنگی (بەڵێ)ی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان بکردایە.
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، پێشبینیی زۆر ئەوەیە گۆڕان بۆ جارێکی دیکە رووبەڕووی شەپۆلێکی دیکەی جیابوونەوەی ھەڵسوڕاوانی بێتەوە و لە وادەی نزیکی ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم، ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە و ھەڵسوڕاوانی ئەو بزووتنەوەیە پاڵپشتیی خۆیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان رابگەیەنن.
ھەر دوێنێش، رێباز حەملان وەزیری دارایی ھەرێمی کوردستان لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕان لە رونکردنەوەیەکی چوار پەڕەییدا دەستی لە بزووتنەوەی گۆڕان کێشایەوە و رای گەیاند لەمەودا ئەندامی ئەو بزووتنەوەیە نییە.
لە بەشێکی روونکردنەوەکەی (رێباز حەملان)دا ھاتووە: “بەھۆی پشتیوانی نەکردنی بزووتنەوەکە لە ریفراندۆمی کوردستان و کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەستی لە کار کێشاوەتەوە چیتر لە ناو ریزەکانی ئەو حزبەدا کار ناکات”.
رۆژی ٢٤-٩-٢٠١٢ لە دەباشان، لە ئاستی باڵا یەکێتی و گۆڕان رێککەوتنێکی ٢٥ خاڵییان واژۆ کرد، کە بە رێککەوتنی (دەباشان) ناسرا، دواتریش سەرکردایەتیی ھاوبەش لەنێوان ئەو دوو ھێزە پێکھات، بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنەکە.
زانا عەبدولڕەحمان، پەرلەمانتاری یەکێتی بۆ (باس) رای گەیاند، ئەوان وەکوو یەکێتی تا رۆژی پێش کۆبوونەوەکەی پەرلەمان لەگەڵ فراکسیۆنی گۆڕان و عەمەری سەید عەلی کۆبوونەتەوە، ئەوکات فراکسیۆنی گۆڕان رازی بووە بە گەڕانەوە بۆ پەرلەمان، بەڵام دواتر کە ئەو پرسە براوەتە جڤاتی ئەو حزبە، رێگری لە گەڕانەوەی پەرلەمانتاران کراوە، گوتیشی: ”گۆڕان حەقی گلەییان لە یەکێتی نییە، خۆیان لەناو دۆخەکەدا بوون و باش دەزانن، کە پەرلەمانتارەکانیان زۆر زۆریان پێ خۆش بوو بێنەوە بۆ ئەو دانیشتنەی پەرلەمان، یوسف محەمەدیش زۆری پێ خۆش بوو، بەڵام کە حزبەکەیان ڕێگەی نەداوە بگەڕێنەوە با یەخەی یەکێتی نەگرن“.
ئەو پەرلەمانتارە، ئاماژەی بەوەش دا: ”٤٨ سەعات دانیشتنی پەرلەمان تەنیا لەبەر خاتری رازیبوونی پەرلەمانتارەکانیان دواخراوە، تا حزبەکەیان دەرفەتی ھاتنەوەیان پێ بدات، بەڵام بڕیاری حزبەکەیان جیاواز بووە و ئەوانیش بڕیاری حزبیان جێبەجێ کردووە، تەنانەت خۆیان داوای حەوت خاڵیان کرد و فراکسیۆنەکەیان خۆی ئەو حەوت خاڵەی بە دەستی عەلی حەمەساڵح نووسیوە، گوتیان ئەگەر ئەوە جێبەجێ بکرێت ئێمە دەگەڕێینەوە، ئەوەبوو ئێمەش بردمانە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و رەزامەندیی پارتییشی بۆ وەرگیرا، بەڵام دواتر گۆڕان پێی رازی نەبوو نەک فراکسیۆنەکەی، بۆیە شۆڕش حاجی، نەگەڕانەوەی ئەوانی راگەیاند، نەک فراکسیۆنەکە خۆی“.
لەبارەی نەھاتنی شەش پەرلەمانتاری یەکیتییش بۆ دانیشتنەکە، ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی گوتی: ”ھیچ پەیوەندیی بە ھەڵوێستی گۆڕانەوە نەبووە، سێ پەرلەمانتاریان لە سەفەرن و سێیەکەی دیکەش پەیوەندیی بە ھەڵوێست و تێبینیی خۆیانەوە ھەبووە سەبارەت بە دانیشتنەکە“.
لەبارەی رێککەوتنەکەی نێوانیشیان گوتی: ”لە مانگی حەوت داوای جێبەجێکردنمان کرد، بەڵام ئەوان ئامادە نین بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە“.
بەڵام بەھار مەحمود، پەرلەمانتاری گۆڕان و ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان، بۆ (باس) جەختی کردەوە، کە یەکێتی ئامادەی جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنەکە نەبووە، گوتیشی : ”بەپێی رێککەوتنەکە، دەبوو ئێستا فراکسیۆنەکانیان ھاوپەیمانی یەکتری بوونایە، بەڵام ھەنگاوەکان نەنراون، بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەو رێککەوتنەش، ئەوە جڤاتی نیشتمانی دەتوانێ بڕیار بدات“.
لای خۆشیانەوە، رێبین ھەردی، نووسەری سەر بە بزووتنەوەی گۆڕان، لە وتارێکیدا کە لە میدیاکانی سلێمانی بڵاوی کردووەتەوە، نووسیویەتی: ”گۆڕان لەمە زیاتر نابێت خۆی ھەڵخەڵەتێنێت، نابێ ھیچ دوودڵی و گومانێکیش پیشان بدات، مردنی ئەو رێککەوتنە راگەیەنن“.
باسنيوز
